غەزال و هاريت توبمان؛ چیرۆکی دوو سەدە پێش ئێستا دووبارە بوەوە

 

زیاتر لە دوو سەدە بەر لە ئێستا ڕووداوێک لە ئەمریکا ڕوویدا، ویژدانی مرۆڤایەتی تا ئێستاش بەو ڕووداوە ئازار دەچێژێت، بەڵام وادیارە جیهانی ئێستا پڕە لەهاوشێوەی ئەو ڕووداوە. هاريت توبمان لەو سەردەمەی لە ئەمریکا کۆیلەکان مافی ژیانێکی شایستەیان نەبوو بە سەختی بریندار بوو، بەڵام بەهۆی ئەوەی کۆیلە بوو هیچ نەخۆشخانەیەک وەرینەگرت و تا کۆتایی تەمەنی گرفتاری ئەو بریندارییەی بوو.

چیرۆکی غەزاڵ لەگەڵ ئەوەی هاريت توبمان جیاوازیی گەورەی تیایدایە، بەڵام لە یەک خاڵی جەوهەریدا هاوبەشن ئەویش ئەوەیە؛ کاتێک مرۆڤایەتی و ڕزگارکردنی ژیانی کەسێک، دەبەسترێتەوە بە ئایدۆلۆژیا، سیاسەت و دۆخی ئەمنیەوە.

هاریت لە دەوروبەری ساڵی 1882 لە ویلایەتی ماریلاند لە ئەمریکا بە کۆیلەیی لەدایکبوو. ناوی ڕاستەقینەی (ئارامینتا ڕۆس) بوو. لە منداڵییەوە ژیانێکی زۆر سەختی هەبوو؛ بەردەوام کاری توندی پێ دەکرا و لێی دەدرا.

هاریت کاتێک گەنج بووە، سەرپەرشتیارێکی کۆیلەکان کێشێکی قورسی فڕێ داوە و بەر سەری هاریت کەوتوە و بە سەختی بریندار بووە، بەڵام هاریت هیچ نەخۆشخانەیەک چارەسەری نەکردووە، چونکە لەو کاتەدا ڕێگە بە چارەسەری کۆیلەکان لە نەخۆشخانە نەدراوە. ئەم برینە بووە هۆی ئەوەی تا کۆتایی تەمەنی تووشی سەرئێشەی توند و جەڵتەی کتوپڕ ببێت.

غەزال مەولان یەکێک لەو سێ پێشمەرگەیەی لە هێرشە درۆنییەکەی رۆژی سێشەممەی سەر کەمپی سوورداش بریندار بوو، ئێوارەی هەمان رۆژ بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە شەهیدبوو. کەسانی نزیکی دەڵێن: بەهۆی وەرنەگیرانی لە چەند نەخۆشخانەیەکی سلێمانی گیانی لەدەستداوە. بەڵام بەڕێوەبەری تەندروستیی سلێمانی دەڵێت: “ئەو بریندارەیان نەبردووەتە هیچ نەخۆشخانەیەکی سەر بە وەزارەتی تەندروستی.”

ئەمجەد حوسێن پەناهی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە هەولێر بە کورد مۆنیتەر-ی راگەیاند: دوای ئەوەی غەزال دەبەنە سلێمانی، سەرەتا دەیبەنە نەخۆشخانەی شۆڕش (نەخۆشخانەیەکی تایبەتە بە پێشمەرگە و سەر بە وەزارەتی پێشـمەرگەیە)، لەوێ چارەسەری سەرەتایی بۆ دەکرێت، بەڵام جێ نابێت بۆ داخیلکردن و دەڵێن بیبەنە نەخۆشخانەیەکی دیکە.

ئەمجەد پەناهی دەڵێت: “هەڵوێستەکەی نەخۆشخانەی شۆڕش سیاسیی نەبووە و پێشتر چەندین برینداریان چارەسەر کردووین، بەڵام شوێنی بریندار لەوێ سنووردارە و نەیانتوانی وەریبگرن.”

بەگوتەی ئەمجەد “دواتر غەزالی بریندار برایە نەخۆشخانەی ئاسیا (نەخۆشخانەیەکی کەرتی تایبەتە لە سلێمانی)، بەڵام قبووڵیان نەکرد و رەتیانکردەوە وەریبگرن، دواتر بردیانە نەخۆشخانەی بەخشین (ئەویش نەخۆشخانەیەکی کەرتی تایبەتە) ئەوانیش ئامادە نەبوون چارەسەری بکەن و دوای زیاتر لە 20 خولەک راگرتن، پێیان گوتین بیبەینە نەخۆشخانەی فارووق (ئەمیش نەخۆشخانەیەکی کەرتی تایبەتە).

دوای چەند خولەکێک لە گەیاندنی غەزال بە نەخۆشخانەی فارووق، بەرگەی سەختیی برینەکەی ناگرێت و هەر لەوێ گیان لەدەست دەدات.

Back to top button