بافڵ تاڵەبانی سەردانی تورکیا دەکات

 

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی کورد مۆنیتەر لەزاری سەرچاوەیەکی ئاگادار وەریگرتووە، هەفتەی داهاتوو بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەردانی تورکیا دەکات.

وەک سەرچاوەکەی کورد مۆنیتەر گوتی، بافڵ تاڵەبانی لە سەردانەکەیدا چاوی بە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا و هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا دەکەوێت و پەیوەندییەکانی یەکێتی و ئەنقەرە تاوتوێدەکرێت.

پێشتر سەردان و پەیوەندی لەنێوان هەردوو لایەندا هەبوون، بەڵام بۆ میدیاکان ئاشکرانەکراون، ئەوەش لەکاتێکدا بووە کە تورکیا گەمارۆی خستبووە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی جەلال تاڵەبانی (فڕۆکەخانەی سلێمانی پێشوو).

بەرپرسانی باڵای تورکیا، لەوانە وەزیری دەرەوە و وەزیری بەرگری، چەندین جار بە ئاشکرا یەکێتییان تۆمەتبار کردووە بەوەی کە “هاوکاری و ئاسانکاری” بۆ گەریلاکانی پەکەکە دەکات. تورکیا داوای لە یەکێتی کردوو کە سنوورێک بۆ ئەم پەیوەندییانە دابنێت، بە پێچەوانەوە هەڕەشەی توندتربوونی سزاکانی کردبوو. بەڵام دواجار تورکیا و پەکەکە پڕۆسەی ئاشتییان ڕاگەیاند.

لە ساڵانی 2024 و 2025دا، ناوچەکانی پارێزگای سلێمانی بوونەتە ئامانجی چەندین هێرشی درۆنیی تورکیا.

Back to top button