وێنەکانی خومەینی لابران و تەنها وێنی خامنەیی باوک و کوڕ هەڵدەواسرێت

 

شەوی پێنجشەممە، بەشێک لە میدیاکانی ئێران کە لە بەرەی ڕیفۆرمخوازەکانەوە نزیکن، سەرنجیان خستە سەر هەنگاوێکی سەرۆکایەتی کۆماری ئێران بۆ لابردنی وێنەی خومەینی، دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی ئێران و ڕێبەری کۆچکردووی ئەو وڵاتە.

ماڵپەری “سەحام نیوز”، وێنەیەکی کۆبوونەوەی مەسعوود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێرانی لەگەڵ جەنەراڵ عاسم مونیر، فەرماندەی سوپای پاکستان بڵاوکردەوە، کە ڕۆژی چوارشەممەوە بە مەبەستی نزیککردنەوەی دیدگاکانی تاران و واشنتن و هاندانی ئەنجامدانی خولی دووەمی دانوستانەکان لە ئیسلام ئاباد، سەردانی تارانی کرد.

ماڵپەڕەکە لە هەژماری فەرمی خۆی لە تێلیگرام نووسیویەتی: “وێنەکانی ڕووحوڵڵا خومەینی، دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی ئێران، بە فەرمی لە سەرجەم دامەزراوە حکومییەکان لابراون، لەوانەش باڵەخانەی سەرۆکایەتی کۆمار”.

ئەو ماڵپەڕە هەواڵییە ئاماژەی بە عەلی خامنەیی کردووە کە لە 28ی شوباتی ڕابردوو، لە یەکەم کاتژمێرەکانی هێرشی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر تاران لەگەڵ ژمارەیەک لە ئەندامانی خێزانەکەی و سەرکردە سەربازییەکان کوژرا، هاوکات نووسیویەتی: “باوک و کوڕ دەستیان بەسەر هەموو شتێکدا گرتووە”.

لە کاتی کۆبوونەوە لەگەڵ فەرماندەی سوپای پاکستان، لە پشتی مەسعوود پزیشکیانەوە وێنەی عەلی خامنەیی و موجتەبا خامنەیی کوڕی دەرکەوتووە، کە ئێستا سێیەم ڕێبەری باڵای ئێرانە.

لە دوای شۆڕشی 1979ی ئێرانەوە، دامەزراوە فەرمی و حکومییەکانی ئێران وێنەی خومەینی لە تەنیشت عەلی خامنەیی جێنشینی دادەنێن. تا ئێستا هیچ لایەنێکی فەرمی لە ئێران، لەوانەش سەرۆکایەتی کۆمار یان نووسینگەی ڕێبەری باڵا، هیچ ڕاگەیەندراوێکیان بۆ پشتڕاستکردنەوەی ڕاستی ئەو دەنگۆیانە بڵاونەکردووەتەوە، کە باس لە گۆڕانکاری لە ڕەمزە فەرمییەکان دەکەن.

Back to top button