ئەو پێنج دامەزراوەیەی هاندەری ئەمریکا بوون بۆ جەنگی عێراق و ئێستاش بۆ جەنگی ئێران

 

ئەو پێنج پەیمانگەیەی 23 ساڵ پێش ئێستا هانی ئەمریکایان دا بۆ جەنگی عێراق، ئێستا هەمان ڕۆڵ بۆ جەنگی ئێران دەگێڕن.

پەیمانگای “کوینزی” ئەمریکی ئاشکرای دەکات کە 5 دامەزراوەی فیکری لە واشنتن کە 23 ساڵ پێش ئێستا هاندەری داگیرکردنی عێراق بوون، ئێستا هەمان ڕۆڵ بۆ جەنگی ئێران دەگێڕن و ڕای گشتی بەو ئاڕاستەیەدا دەبەن.

ئەم دامەزراوانە بەرپرسن لە ئاڕاستەکردنی بڕیاربەدەستان و ڕای گشتی ئەمریکا بەرەو جەنگ، ئەگەر جەنگی ئێستای ئەمریکا و ئیسرائیل دژی تاران تووشی شکست ببێت، پێویستە ئەم ناوەندانە وەک بەرپرسیاری یەکەم لێیان بڕوانرێت، چونکە ئەوان “بونیادە فیکرییەکەیان” بۆ ئەم جەنگە دروست کردووە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی پەیمانگای “کوینزی” ئەمریکی، کە لەسەر بنەمای شیکردنەوەی 4 بەرنامەی ژیریی دەستکرد (Gemini, ChatGPT, Claude, Grok) ئامادەکراوە، پێنج دامەزراوەی فیکری لە واشنتن پێشەنگی هاندانی جەنگی ئێرانن، ڕاپۆرتە ئەمریکییەکە ئاماژە بەوە دەدات کە ئەم ناوەندانە بریتین لە: “بەرگری لە دیموکراسییەکان”، “ئەمریکان ئینتەرپرایز”، “هادسن”، “واشنتن بۆ سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی نێزیک” و “هێریتێج”.

ڕاپۆرتە ئەمریکییەکە جەخت دەکاتەوە کە هەر 4 بەرنامەکەی ژیریی دەستکرد، هەمان ئەو ناوەندانەیان دەستنیشان کردووە کە 23 ساڵ پێش ئێستا ئەندازیاری سەرەکیی داگیرکردنی عێراق بوون، پەیمانگای “کوینزی” دەڵێت ئەم دامەزراوانە سەر بە تەوژمی “موحافیزکارە نوێیەکان”ن و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل بە بنەمای سەرەکیی کارەکانیان دەبینن.

بەپێی ڕاپۆرتە ئەمریکییەکە، شارەزایانی ئەم ناوەندانە چەند پاساوێکیان بۆ لێدانی ئێران دووبارە کردووەتەوە: مەترسیی ئەتۆمی، تاقیکردنەوەی مووشەکی و ناساندنی ئێران وەک گەورەترین پشتیوانی تێرۆر، پەیمانگای “کوینزی” ڕایگەیاندووە کە ئەم پاساوانە هەمان ئەو دروشمانەن کە بنیامین نەتەنیاهۆ و “بازەکانی” کۆنگرێس وەک لیندسی گراهام لە میدیاکاندا بەرەوپێشی دەبەن تا ڕای گشتی قەناعەت پێ بکەن کە ڕژێمی ئێران لە لاوازترین خاڵیدایە.

ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەدات کە پەیمانگای “بەرگری لە دیموکراسییەکان” (FDD) لە سەرووی لیستی هاندەرانی جەنگدایە، بەپێی ڕاپۆرتە ئەمریکییەکە، ئەم دامەزراوەیە لە ساڵی 2001ـەوە ئەرکی خۆی بەوە ناساندووە کە “وێنەی ئیسرائیل لە ئەمریکای باکوور باش بکات”. ئێستاش ئەم ناوەندە وەک بزوێنەری سەرەکیی گوتاری سەربازی دژی تاران کار دەکات.

ئەم هەوڵە فیکرییانە بۆ هاندانی جەنگ لە کاتێکدایە کە جەنگی ئێستا لە 28ی شوباتی ڕابردوو دەستی پێکردووە، ڕاپۆرتە ئەمریکییەکە دۆخی ئێستا بە ساڵی 2005 دەچوێنێت، کاتێک جەنگی عێراق بووە “زۆنگاو” و بووە هۆی دوورخستنەوەی ئەندازیارانی جەنگ وەک پۆڵ وۆڵفۆویتز و دۆناڵد ڕامسفیڵد لە ئیدارەی ئەمریکا، ئێستاش هەمان ئەو ناوەندانە خەریکە ئەمریکا بەرەو سیناریۆیەکی هاوشێوە لە ئێران دەبەن.

پەیمانگای “کوینزی” هۆشداری دەدات کە مێژوو خەریکە خۆی دووبارە دەکاتەوە، بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، تێوەگلانی ئەمریکا لە جەنگێکی دیکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەرەنجامی ئەو فشارە فیکرییانەیە کە ئەم پێنج دامەزراوەیە دروستیان کردووە، ئەگەر ئەم جەنگە بە شکستی ئەمریکا کۆتایی بێت، پێویستە ئەم ناوەندانە ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی مێژوویی ببنەوە، چونکە ئەوان بوون ڕای گشتی و بڕیاربەدەستانیان بە ئاڕاستەی جەنگدا برد.

Back to top button