ئێران؛ لە دروشمی مەرگ بۆ ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بۆ بۆردومانکردنی هەرێمی کوردستان

 

لە دانوستاندنەکانی لەگەڵ ئەمریکا، ئێران ئامادەیی نیشانداوە سازشی زۆر بکات، ئاشکراترین سازش پشتکردنی تاران بوو لە لوبنان و حزبوڵڵا، ئامادەیە کۆتایی بە پڕۆگرامە ئەتۆمیەکەی بهێنێت، تا دوێنێ باسی ئەوەی دەکرد دەبێت ئەمریکا و ئیسرائیل قەرەبووی زیانەکانی تاران بکەنەوە، بەڵام ئەمڕۆ گەرووی هورمزی کردەوە، ئێران لەنێوخۆی خۆیدا تووشی گورزی گەورە بووە، بەڵام هێشتا هێرشەکانی بۆسەر هەرێمی کوردستان بەردەوامە، چونکە ئاگربەستە ناتوانێت هێرشبکاتەسەر وڵاتانی کەنداو و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئەمڕۆ هەینی ڕایگەیاند، ئێران رازی بووە پیتاندنی یۆرانیۆم رابگرێت و هەرگیز تەنگەی هورمز دانەخاتەوە. ئەوەش لەکاتێکدایە پێشتر ئێران باسی لەوەدەکرد، ڕاگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم هێڵی سورە.

لە وڵاتانی کەنداو، عێراق و تەنانەت ئیسرائیلیش ئاگربەستە و هیچ درۆن و مووشەکێک بە ئاسمانی ئەو وڵاتانەوە نابینرێت، بەڵام درۆن و مووشەکەکانی ئێران لەو ماوەیەی ئاگربەستە، رۆژ نەبووە لە شوێنێکی هەرێمی کوردستان نەدەن، ئێران کە ڕۆژانێک دەیگوت مەرگ بۆ ئەمریکا، ئێستا جەنگی لەگەڵ ڕاگرتووە و سەرقاڵی بۆردوومانکردنی هەرێمی کوردستانە.

کاوە بەهرامی، ئەندامی دەستەی کارگێڕی و بەرپرسی ناوەندی پێشمەرگەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) لە لێدوانێکدا رایگەیاند، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ بە درۆن هێرش کراوەتە سەر کەمپی جێژنیکان لە سنووری قەزای بەحرکە لە پارێزگای هەولێر و لە ئەنجامدا کوڕی پێشمەرگەیەک شەهید بووە و خۆیشی بریندار بووە.

کەمپی جێژنیکان کەمپی خێزانەکانی پەنابەرانی رۆژهەڵاتی کوردستانە.

کاوە بەهرامی ئاماژەی بەوەشکرد، هەر ئەمڕۆ بە مووشەک هێرش کراوەتە سەر بارەگای حیزبەکەی لە سنووری سیدەکان لە پارێزگای هەولێر و لە ئەنجامدا دوو کچە پێشمەرگە شەهید بوون و کچە پێشمەرگەیەکی دیکەش بریندار بووە.

هیوا مەحمود عوسمان، رۆژنامەنوس و بەڕێوەبەری دامەزراوەی میدیایی (964+) دەڵێت، عێراق و هەرێمی کوردستان لەنێو گۆڕانکارییە خێراکانی ناوچەکەدا لە دۆخێکی نادیاردان و دەشڵێت: “نەبوونی یەکدەنگیی ناوخۆیی، هەرێمی کوردستانی کردووەتە ئامانجێکی ئاسان و عێراقیش وەک دەوڵەتێکی بێ بڕیار، تەنیا چاوەڕێی قەدەری رووداوەکان دەکات.”

لە سەرەتای جەنگی ئێران و ئەمریکاوە، نە هەرێمی کوردستان بەشێک بووە لە جەنگەکە، نە حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش بەشێک بوون، هەردوولاش بە ڕوونی گوتویانە، بەشێک نین لەو جەنگە، بەڵام وادیارە ئێران توندتر لە نەیارەکانی خۆی، مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکات.

لە 28ـی شوباتەوە هەرێمی کوردستان بە 719 درۆن و مووشەک بۆردوومان کراوە؛ لە ئەنجامدا 18 کەس گیانیان لەدەستداوە و 94 کەسیش بریندارن. 16 لەو درۆن و مووشەکانەی ئاراستەی هەرێمی کوردستان کران، لە دوای ئاگربەست بووە.

Back to top button