
نووسینگەی کۆنترۆڵکردنی سەرمایە بیانییەکانی سەر بە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، حەوت فەرماندەی میلیشیا عێراقییەکانی سزادا، کە بەرپرسیارن لە پلانداڕشتن، ئاڕاستەکردن و جێبەجێکردنی هێرشەکان بۆ سەر کارمەند، دامەزراوە و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە ڕاگەیەنراوێکدا دەڵێت “ئەو کەسانەی لە هەنگاوەکەی ئەمڕۆدا کراونەتە ئامانج، سەرکردەی هەندێک لە توندوتیژترین ڕێکخراوە میلیشیاکانی عێراقن کە هاوپەیمانی ئێرانن، لەوانە: کەتائیبی حزبوڵڵا، کەتائیبی سەیدولشوهەدا، حەرەکەی نوجەبا و عەسائیبی ئەهلی حەق. ئەم میلیشیایانە بەبێ لێپرسینەوە کار دەکەن، هێرش دەکەنە سەر کارمەندانی ئەمریکا و هاوڵاتیانی بێتاوان لە سەرانسەری عێراق، سامانی عێراق بۆ دابینکردنی دارایی چالاکییە تیرۆریستییەکانیان بەتاڵ دەکەنەوە و سەروەریی عێراق و پڕۆسە دیموکراسییەکان تێکدەدەن”.
سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لەوبارەیەوە گوتی: “ڕێگە نادەین میلیشیا تیرۆریستییەکانی عێراق کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن، هەڕەشە لە ژیانی ئەمریکییەکان یان بەرژەوەندییەکانیان بکەن. ئەو کەسانەی ڕێ خۆشکەرن بۆ توندوتیژی ئەم میلیشیایانە، ڕووبەڕووی لێپرسینەوە دەبنەوە.”
لیستی سزادانەکان بەمشێوەیەیە:
کەتائیبی حزبوڵڵا: عەمار جاسم کازم ڕەماحی، فەرماندەیەکی مەیدانی کەتائیبی حزبوڵڵایە. لەم پێگەیەدا، سەرپەرشتی پلانی هێرشەکان دەکات و زانیاری دەربارەی ئامانجەکان بۆ هێرشکردنە سەر کارمەند و دامەزراوەکانی ئەمریکا بەرهەم دەهێنێت. هەروەها هەماهەنگی کات و شوێنی ئەم ئۆپەراسیۆنانە دەکات.
ڕەزوان یوسف حەمید ئەلموحەمەد و حەسەن دیاب حەمزە: هەردووکیان بەرپرسی باڵای کەتائیبی حزبوڵڵان و تێوەگلاون لە ئۆپەراسیۆنەکاندا. ئەلموحەمەد چەندین ساڵە بەرپرسێکی سەرەکییە و هەماهەنگی ئۆپەراسیۆنەکانی کردووە. حەمزەش هەماهەنگی ئۆپەراسیۆنەکان دەکات، لەوانە دروستکردنی هەڕەشە بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا.
عەسائیبی ئەهلی حەق: سەفا عەدنان جەبار سوێعدی: بەرپرسێکی باڵا و فەرماندەی سەربازی عەسائیبە، هەروەها بەرپرسی ئۆپەراسیۆنەکانە لە پارێزگای سەڵاحەدین لە عێراق.
کەتائیبی سەیدولشوهەدا: لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی مەشق، دارایی و چەک دەکرێت. گروپەکە هەڕەشەی لە هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان کردووە لە عێراق.
خالید جەمیل عەبدولبەخاترە و سەعید کازم مەخامیس: بەرپرسی باڵای کەتائیبی سەیدولشوهەدان، بەتایبەت بەخاترە وەک فەرماندەیەکی ئەو گروپە کار دەکات.
حەرەکەی نوجەبا: هوشام هاشم جەیسوم، ڕاهێنەرێکی سەربازییە لە حەرەکەی نوجەبا. بەرپرسانی نوجەبا بە ئاشکرا هەڕەشەی هێرشکردنە سەر کارمەندانی ئەمریکا لە عێراق و ناوچەکە کردووە، و گروپەکە بە ئاشکرا دڵسۆزی خۆی بۆ ئێران لەسەر حیسابی سەروەریی عێراق ڕاگەیاندووە.





