
ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی “ئەلمۆنیتەر” ئاشکرای کرد، مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، پێشنیازێکی نوێی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سوریای بۆ قۆناغی ڕاگوزەر ڕەتکردووەتەوە بۆ وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆکی سوریا، ئەم هەنگاوەش گوزارشت لە بەردەوامیی جیاوازیی دیدگاکان دەکات دەربارەی شێوازی هاوبەشی سیاسی نێوان هەردوولا.
هەروەها ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە ئیلهام ئەحمەدیش لای خۆیەوە پێشنیازێکی بۆ وەرگرتنی پۆستی ڕاوێژکاری ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوە ڕەتکردووەتەوە، ئەمەش ئاماژەکانی تێبینی و ناڕەزایەتی کورد بەهێزتر دەکات بەرامبەر بە پڕۆسەی تێکەڵبوونی سیاسی بەو شێوازەی کە ئێستا خراوەتە ڕوو.
پڕۆسەی تێکەڵبوون بە خاوی دەچێتە پێش
کۆبوونەوەکان لە دیمەشق و بە ئامادەبوونی بەرپرسانی هەردوولا بەڕێوەچوون، تێیدا هەڵسەنگاندن بۆ پڕۆسەی تێکەڵکردنی دامەزراوە مەدەنی و ئەمنییەکانی سەر بە “بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر” لە ناو پێکهاتەکانی دەوڵەتدا کراوە؛ بەپێی سەرچاوە ئاگادارەکان، کەشوهەوای کۆبوونەوەکە بە “ئەرێنی” وەسف کراوە.
ئەم پەرەسەندنانە لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکان دێن بۆ تێکەڵکردنی ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە ناو دامەزراوەکانی دەوڵەتدا، کە دیمەشق وەک هەنگاوێکی ناوەندی بۆ دووبارە یەکخستنەوەی وڵات سەیری دەکات.
لە ماوەی ڕابردوودا ئاماژەی پێشکەوتنی پلەبەندی بینراون، لەوانە: گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانی وەک عەفرین و سەرێکانی، دووبارە کردنەوەی ڕێگا سەرەکییەکان، و بەردەوامیی پڕۆسەی ئاڵوگۆڕی دیلەکان لە نێوان هەردوولادا.
هەروەها پڕۆسەیەکی سنوورداری تێکەڵکردنی هەندێک کەسایەتی ناو “هەسەدە” و “بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر” لە ناو دامەزراوەکانی دەوڵەتدا دەستیپێکردووە، ئەوەش لە ڕێگەی دامەزراندنی کارگێڕی و سەربازییەوە، جگە لە ڕێکخستنی دارایی پەیوەست بە مووچەی فەرمانبەرانی ناوخۆیی و پشکی داهاتی نەوت، هەرچەندە تا ئێستا هیچ ڕاگەیەندراوێکی فەرمی دەربارەی وردەکاریی ئەم لێکتێگەیشتنانە بڵاونەکراوەتەوە.
کشانەوەی ئەمریکا و پرسە هەڵپەسێردراوەکان
سەردانەکەی مەزڵوم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد بۆ دیمەشق، هاوکات بوو لەگەڵ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە دوایین پێگەکانیان لە ناوچەی “قەسرەک” لە گوندەواری حەسەکە، کە دیمەشق وەک ئاماژەیەک بۆ گۆڕانکاری لە دیمەنە ئەمنییەکە و پاڵنەرێک بۆ خێراکردنی پڕۆسەی تێکەڵبوون سەیری دەکات.
سەرەڕای هەندێک پێشکەوتنی ، هێشتا چەندین پرس ڕێگرن لە گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی، کە دیارترینیان بریتین لە: شێوازی نوێنەرایەتی سیاسی کورد لە ناو حکومەتدا، داواکارییەکانی پەیوەست بە دەستوور و داهاتووی هێزە سەربازییەکان، لەوانەش “یەکینەکانی پاراستنی ژنان”، هەروەها دۆسیەی دەستگیرکراوان و گرژییەکانی پەیوەست بە گەڕانەوەی ئاوارەکان وەک خاڵە سەرەکییەکانی ناکۆکی دەمێننەوە.
لە کۆتاییدا، ڕەتکردنەوەی پۆستە سیاسییەکان نیشاندەری بەردەوامیی پێداگریی سەرکردایەتی کوردە لەسەر هێشتنەوەی مەودایەکی فراوانتری سەربەخۆیی، لە بەرامبەر هەوڵەکانی دیمەشق بۆ سەپاندنی مۆدێلێکی ناوەندیی توند، ئەمەش وای کردووە پڕۆسەی تێکەڵبوون لەسەر هاوسەنگییەکی ناسک لە نێوان پێشکەوتنی پلەبەندی و ئاڵۆزییەکانی چارەسەری کۆتاییدا بمێنێتەوە.





