
سەرچاوەیەک لە ناو “چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە” زانیاریی نوێی لەبارەی هۆکاری ڤیتۆی ئەمریکا لەسەر محەمەد شیاع سودانی بۆ ویلایەتی دووەمی سەرۆکایەتی حکومەتی عێراق ئاشکرادەکات.
کورد مۆنیتەر لەگەڵ سەرچاوەیەکی باڵای نێو چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە قسەیکرد، ئەو سەرچاوەیە گوتی: فشارێکی توندی ئەمریکا هەیە بۆ ڕێگریکردن لە نوێکردنەوەی ویلایەتی محەمەد شیاع سودانی. هەروەها ئاشکرای کرد کە کاربەڕێکاری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا نامەیەکی ڕادەستی سەرکردەکانی چوارچێوە کردووە، کە تێیدا هاتووە ئیدارەی ئەمریکا پێدانی متمانە بە سودانی بۆ جارێکی تر ڕەت دەکاتەوە.
ئەو ڕووداوەی پشتی سودانی شکاند
سەرچاوەکەی کورد مۆنیتەر ئەوەشی ئاشکراکرد، ئەو ڕووداوەی پشتی سودانی شکاند لای ئەمریکییەکان، ڕێگریکردن بوو لە “بۆسەی فڕۆکەخانە” کە لە 8ی نیسانی ئەم مانگەدا ڕوویدا و شاندێکی باڵای ئەمریکی کردە ئامانج، کە دیپلۆماتکار و ئەندامانی نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی (FBI)ی تێدابوو.
ڕووداوەکە لە پارێزراوترین ڕێگای بەغدا ڕوویدا و بە پێشێلکارییەکی هەواڵگریی ئاشکرا هەژمار کرا، تێیدا بۆسەیەکی توند لەلایەن میلیشیا عێراقییەکانی لایەنگری ئێرانەوە بۆ کاروانەکە دانرا بە بەکارهێنانی 3 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و هێرشێکی زەمینی لە نزیک بنکەی ڤیکتۆریا کە نزیکە لە فڕۆکەخانەی بەغدا، لە ئەنجامدا چەند کەسێک لە نێو شاندەکەدا بریندار بوون.
واشنتن پێی وایە ڕوودانی ئەم هێرشە لە ناوچەیەکی زیندوو و پارێزراوی فەرمیدا، تەنها ئاماژە نییە بۆ بێدەسەڵاتی حکومەتەکەی سودانی لە پاراستنی نێردە نێودەوڵەتییەکان، بەڵکو گومان دروست دەکات دەربارەی دزەپێکردنی زانیاریی هەواڵگری لە ناو دامەزراوە ئەمنییەکانەوە سەبارەت بە جووڵەی شاندەکە. ئەمەش لایەنی ئەمریکی هاندا کە لە قۆناغی “قبوڵکردن بە پێدانی ویلایەتی دووەم بە سودانی”یەوە بگوازێتەوە بۆ “ڕەتکردنەوەی یەکجاریی”.
بۆسەی سەر شاندە ئەمریکییەکە لە کاتێکدا بووە کە شاندەکە هەوڵیان داوە ڕۆژنامەنووسی ئەمریکی شیلی کێتلسۆن، لە ناو ناوچەی سەوزەوە بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا بگوازنەوە بە مەبەستی بردنی بۆ دەرەوەی عێراق، دوای ئەوەی لەلایەن “کەتائیبی حزبوڵڵا”وە ڕفێندرابوو، بەڵام بۆسەکە وای لە شاندەکە کرد بگەڕێنەوە بۆ بارەگای باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ناوچەی سەوز، و دواتر کێتلسۆن لە ڕێگەی هێلیکۆپتەرەوە گوازرایەوە بۆ فڕۆکەخانە نەک لە ڕێگەی زەمینییەوە.





