
ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە، بەرپرسانی ئەمریکا و ئیسرائیل بە پێگەی ئەکسیۆس-یان راگەیاندووە، ئەگەری هەیە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا جەنگ لەگەڵ ئێران دەستپێبکاتەوە.
ماڵپەڕی “ئەکسیۆس” لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئەمریکییەوە زانیاریی زیاتری بڵاوکردەوە و باسی لەوەکردووە: “لەوانەیە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا جەنگ لە ئێران دەستپێبکاتەوە، سەرۆک دۆناڵد ترەمپ بەیانی ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکی ئەنجامداوە بۆ تاوتوێکردنی ئەو قەیرانە نوێیەی پەیوەستە بە گەرووی هورمزەوە”.
هاوکات کەناڵی 12ی عیبری لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوە گواستییەوە: “ئەگەر قەیرانەکە چارەسەر نەکرێت، ئەگەری نوێبوونەوەی جەنگ لەگەڵ ئێران هەیە”. کەناڵەکە لە زاری سەرچاوە ئیسرائیلیەکانیشەوە ئاماژەی بەوە کردووە کە “تەلئەبیب خەریکی ئامادەکارییە بۆ ئەگەری دەستپێکردنەوەی شەڕ لە ئێران”.
ئەم پێشبینیانە پێچەوانەی ئەو قسانەن کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پێشتر هەر ئەمڕۆ جەختی لێکردەوە، کە دانوستانەکان لەگەڵ ئێران بەرەوپێشچوون بەخۆیانەوە دەبینن. ترەمپ ئاماژەی بەوە کردبوو کە “کارەکان بە باشی دەڕۆن” و پێشبینیشی کردبوو گفتوگۆکان لە ماوەی پشووی کۆتایی هەفتەدا بەردەوام بن.
هەروەها دوێنێ هەینی، ترەمپ دووبارە جەختی کردەوە کە جەنگی ئێران لە کۆتایی نزیکبووەتەوە و چیتر دەستپێناکاتەوە. ئەم جەختکردنەوەیەی ترەمپ دوای کردنەوەی گەرووی هورمز هات لەلایەن ئێرانەوە، بەڵام چەند کاتژمێرێک دواتر دووبارە ئێران گەرووەکەی داخست، بەپاساوی پابەند نەبوونی ترەمپ بە ئاگربەستەکە.





