
لەسەر داوای محەمەد شیاع سودانی و عەممار حەکیم، ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودس گەیشتە بەغدا، ئەوەش بەگوێرەی وتەی دوو سەرچاوەی ئاگادار بۆ کورد مۆنیتەر.
ئەو دوو سەرچاوەیە باسیان لەوەکرد، قائانی دەستوەردانی کردووە بۆ دواخستنی کۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی، کە بڕیار بوو ئەمڕۆ شەممە بەڕێوەبچێت. لەئێستاشدا واژۆی حەوت سەرکردەی چوارچێوەی هەماهەنگی هەیە بۆ کاندیدکردنی باسم بەدری، بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران و ئەگەر واژۆکان بگەنە هەشت واژۆ، ئەوا بەدی بە فەرمی دەبێتە کاندیدی چوارچێوەی هەماهەنگی.
دوو سەرچاوەکەی کورد مۆنیتەر باسیان لەوەکرد، حەوت واژۆ بۆ پشتگیریی باسم بەدری هەیە، دوو سەرکردەش داوایان کرد واژۆکانیان لە ناو کۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی بکەن.
ئەو دوو سەرچاوەیە باسیان لە جوڵەکانی نێو شەقامی سیاسی بەغدا کرد و وتیان “دیدارێک لە نێوان سودانی و کاربەڕێکاری باڵیۆزخانەی ئەمریکا هەیە، بۆ ڕوونکردنەوەی تێڕوانینی خۆی و ڕەواندنەوەی ئەو مەترسییانەی کە ویلایەتە یەکگرتووەکان لەسەر سودانی هەیبووە”.





