
پەرەسەندنی سیاسییەکانی ئەم دواییەی بەغدا، گۆڕانکاری بەرچاو لە پێگەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ناو هاوکێشەکانی بڕیارداندا دەخەنە ڕوو. ئەمەش دوای زنجیرەیەک لە جوڵەی سیاسی کە نەخشەی هاوسەنگییەکانی ناو پەرلەمان و دەرەوەی پەرلەمانی عێراقیان کێشایەوە، جوڵەکان پاشەکشەی پارتییان نیشاندا، چ لەسەر ئاستی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، چ لە ئاستی عێراق دا. ئێستاش گومانی ئەوە دروستبووە لەکاتی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق دا پارتی شکستی سێیەم تۆمار بکات و نەتوانێت شایستەکانی لە پۆستە باڵاکانی عێراق وەربگرێت.
هەفتەی ڕابردوو کۆمەڵێک ڕووداو لە عێراق ڕوویاندا، لە سەروویانەوە دۆسیەی سەرۆک کۆمار؛ پارتی نەیتوانی کاندیدەکەی تێپەڕێنێت کە تەنها 16 دەنگی بەدەستهێنا، پۆستەکە جارێکی تر بۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان یەکلایی بووەوە، یەکلابوونەوەکەش بەهۆی گفتوگۆ و ڕێککەوتنی یەکێتی بوو لەگەڵ هێزە شیعیی و سوننییەکاندا.
ناسر درێد، توێژەری سیاسی ڕاگەیاندووە، کێشەکە تەنها پەیوەندی بە پاشەکشەی هەژموونی پارتییەوە نییە لە بەغدا، بەڵکو پەیوەندی بە تێکچوونێکی فراوانتری ئەو هاوکێشە سیاسییەوە هەیە، کە لەسەر جۆرێک لە هاوسەنگی نێوان هێزە سەرەکییەکانی ناو سیستمی سیاسی عێراق دامەزرابوو.
ئاماژەی بەوەش کردووە “ئەم هاوکێشەیەی نێوان پێکهاتەی شیعە و کورد و دواتر سوننەکان، دوای کشانەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە عێراق تووشی لەرزین بووە، چونکە هەژموونی ئێران زیاتر چڕبوەتەوە، ئەمەش بووە هۆی لاوازکردنی ئەو لایەنانەی کە پشتیان بە هاوسەنگی سیاسی و هەژموونی ئەمریکا دەبەست لە ناو پڕۆسەی سیاسی عێراق دا.
پێداگری پارتی لەسەر کاندیدانێک کە لە ناو ماڵی کورد و بەغدا قبوڵکراو نەبوون، هۆکار بوو بۆ گەیشتن بەم ئەنجامانە، هەروەها خۆنەگونجاندن لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییانەی لە هاوپەیمانییە سیاسییەکاندا ڕوویاندا. جگە لەوەش، ئێستا پارتی لە جۆرێک لە “کشانەوەی ڕێژەیی”دایە و ڕوون نییە ئایا ئەمە چاوەڕوانییە بۆ بارودۆخێکی باشتر یان ئەنجامی حساباتێکە بۆ دوورکەوتنەوە لە گرژییەکانی ئەم قۆناغەدا.
کاتێک پارتی ویستی شاخەوان عەبدوڵا بۆ پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان تێپەڕێنێت، ڕووبەڕووی هاوپەیمانییەکی گەورەی حیزبە جیاوازەکان بووەوە کە سەرجەمیان لەسەر ڕێگریکردن لە گەیشتنی شاخەوان عەبدووڵڵا بە کورسی جێگری دووەم کۆک بوون، تەنانەت گەیشتە ئەوەی خەریک بوو پۆستەکە بۆ ڕێبوار کەریم، کاندیدی ڕەوتی هەڵوێست یەکلایی ببێتەوە؛ ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ پاشەکشەی هەژموونی پارتی خوێندرایەوە.
چاودێران ئاماژە بەوە دەکەن کە پارتی و سەرکردایەتییەکەی ڕووبەڕووی سەختی دەبنەوە بەرامبەر ئەو قۆناغەی ئێستا لە بەغدا دروستبووە، قۆناغێک کە بە “نەوەی نوێی سیاسی” لە ناو پەرلەمان دەناسرێت؛ نەوەیەک کە پشت بە هاوپەیمانی نەرم و حساباتی گۆڕاو دەبەستێت، کە جیاوازە لەو شێوازە تەقلیدییەی پارتی ساڵانێکە کاری پێدەکات.
کەمبوونی ئامادەیی ڕاستەوخۆی سەرکردایەتی پارتی لە بەغدا، بەتایبەت کەمیی سەردانەکانی مەسعود بارزانی، سەرۆکی حزبەکە، هاوکاتە لەگەڵ نەبوونی جووڵەی سیاسی کاریگەر یان تۆڕی فشار لە ناو پایتەختدا، کە بتوانێت پێگەی پارتی بەهێز بکات.
پارتی ڕووبەڕووی تۆڕێکی ئاڵۆزی ڕکابەری سیاسی دەبێتەوە لە بەغدا؛ پەیوەندییەکانی لەگەڵ هێزەکانی وەک “تەقەدوم” بە سەرۆکایەتی محەمەد حەلبوسی، و جووڵانەوەی “بابلیۆن” بە سەرۆکایەتی ڕەیان کلدانی، لە گرژییەکی تەواودایە. هەروەها گوتارێکی توند لە نێوان پارتی و هەندێک لایەنی نزیک لە گروپە چەکدارەکان، لەوانە “عەسائیبی ئەهلی حەق” هەیە، جگە لە بەردەوامی ڕکابەرییە مێژووییەکەی لەگەڵ یەکێتی.
بۆچوونێکی دیکەش هەیە پێیوایە، خوێندنەوەی ئەوەی کە هەژموونی پارتی بە تەواوی پاشەکشەی کردووە ڕەنگە ورد نەبێت، چونکە لەدەستدانی هەندێک پۆست یان شکستی کاندیدێک، بە مانای لەدەستدانی ناوەندەکانی هێز لە ناو سیستمێکی سیاسیی دا نایەت. نمونەی ئەوەش هەیە کە پارتی لە خولەکانی پێشوودا پۆستی سەرۆک کۆماری لانەبووە، بەڵام ئامادەییەکی کاریگەری هەبووە لە دابەشکردنی پۆستە فیدراڵییەکان و وەزارەتە سیادییەکاندا.
ئەوەی ئێستا ڕوودەدات دەکرێت وەک “مانۆڕی سیاسی” سەیر بکرێت؛ پارتی هەوڵ دەدات سەقفی داواکارییەکانی بەرز بکاتەوە بە پشتبەستن بە سەنگە پەرلەمانییەکەی و ئەنجامەکانی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان. بۆیە بڕیاردان لەسەر ڕۆڵی ڕاستەقینەی پارتی بەندە بە تەواوکردنی پێکهێنانی حکومەت و دابەشکردنی پۆستە سیادیی و خزمەتگوزارییەکان.
ئێوارەی دوێنێ شەممە، فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لەپەرلەمانی عێراق، بایکۆتکردنی دانیشتنەکانی پەرلەمانی تا کاتێکی نادیار ڕاگەیاند، بەهۆی ئەوەی دانیشتنی سەرۆک کۆماری بە”پێشێلکاری ڕوونی دەستوور و یاساکان” وەسف کرد.
فراکسیۆنی پارتی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە بەپێی ڕێنماییەکانی سەرکردایەتییان، بڕیاری بایکۆتی پەرلەمانیان داوە بەهۆی پشتگوێخستنی بنەماکانی شەراکەت و هاوسەنگی و سازان.
پارتی دیموکراتی کوردستان پێشتریش دژایەتی خۆی بۆ هەڵبژاردنی محەمەد سەمعان، سەرۆکی بەرەی تورکمانی وەک پارێزگاری کەرکوک ڕاگەیاندبوو، بەڵام نەیتوانی ڕێگری لەو پڕۆسەیە بکات؛ ئەمەش پرسیار دروست دەکات دەربارەی توانای پارتی بۆ بەدەستهێنانی شایستەکانی لە کاتی پێکهێنانی حکومەتی داهاتوودا.





