
لەبەغدا و هەولێر دوو جوڵەی جیاوازی سیاسی دەستیپێکردووە، لەپایتەختی عێراق محەمەد شیاع سودانی کۆبوونەوەی ڕۆژی شەممەی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەی دواخست و داوای هاوکاریی لە ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودس کرد، بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەی کاندیدی سەرۆک وەزیران، لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانیش پارتی دیموکرات داوای لە تۆم باراک، نێردەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کردووە سەردانی شارەکە بکات و گوێ لە هەڵوێستی پارتی دوای هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و پێکنەهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم بگرێت.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەکی باڵای سیاسییەوە دەست کورد مۆنیتەر کەوتوون، پارتی دیموکراتی کوردستان ناڕاستەوخۆ دەستوەردانی لە پرسی دیاریکردنی کاندیدی سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراق کردووە، ئەوەش وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ دانیشتنەکەی پەرلەمانی عێراق کە تیایدا سەرۆک کۆمار لە دەرەوەی ڕێککەوتنی یەکێتی و پارتی، بەسودی کاندیدەکەی یەکێتی کۆتایی هات.
وەك ئەو سەرچاوەیە بۆ کورد مۆنیتەری ڕونکردەوە، پارتی پشتیوانیی خۆی بۆ نوری مالکی، کاندیدی چوارچێوەی هەماهەنگی (تا ئێستا بە فەرمی تاکە کەندیدە) دووپاتکردووەتەوە، ئەوەش کێشەی بۆ سەرکردە شیعەکان دروستکردووە، لەبەر ڕۆشنایی پشتیوانیەکەی پارتی، ئەمڕۆ بەرپرسی نوسینگەی مالکی لە پەیامێکدا دووپاتیکردەوە، کە هێشتا مالکی تاکە کاندیدی چوارچێوەی هەماهەنگیە.
پێشهاتەکان لە بەغدا و هەولێر خێران، ڕۆژی شەممە لەسەر داوای سودانی، ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودس بۆ یەکلاکردنەوەی ناکۆکیی ناوماڵی شیعەکان لەسەر پرسی سەرۆک کۆمار گەیشتە بەغدا، وەك سەرچاوەکەی کورد مۆنیتەر گوتی، ئەمڕۆ یەکشەممە تۆم باراک دەگاتە هەولێر و پاشان سەردانی سلێمانی دەکات، لە هەردوو سەردانەکەیدا پرسی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان تاوتوێدەکرێت.
بەگوتەی ئەو سەرچاوەیە پارتی بەردەوام دەبێت لە بایکۆتکردنی بەغدا، هاوکات ئێستا ئەو حزبە تاوتوێی هەڵوەشاندنەوەی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان بە مەرسومێکی سەرۆکایەتی هەرێم و دووبارە ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکات.





