نیویۆرک تایمز: ئێران 40%ی درۆن و 70%ی کۆگای موشەکیی ماوە

 

ڕۆژنامەی “نیویۆرک تایمز” لە زاری بەرپرسانی هەواڵگری و سوپای ئەمریکاوە بڵاویکردەوە: ئێران سەرەڕای قورسیی جەنگەکەی لەگەڵ ئەمریکا، هێشتا نزیکەی 40%ی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی پاراستووە.

ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەش کردووە: “ئێران هێشتا دەتوانێت دەستی بگات بە نزیکەی 70%ی کۆگای مووشەکەکانی کە پێش جەنگەکە هەیبووە، هەروەها 60%ی سەکۆکانی هەڵدانی مووشەک.

وەک نیویۆرک تایمز دەڵێت: “کاتێک لە 8ی نیساندا ئاگربەستێکی دوو هەفتەیی لە نێوان ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا چووە بواری جێبەجێکردنەوە، تاران دەستی بە نزیکەی نیوەی سەکۆکانی هەڵدانی مووشەکە بالیستییەکانی دەگەیشت.

ڕۆژنامەکە لە درێژەی بابەتەکەیدا دەڵێت: “لەو کاتەوە، ئێران توانیویەتی 100 سەکۆی تری هەڵدانی مووشەک لە ژێر زەوی دەربهێنێت، بەمەش کۆی گشتی سەکۆ کاراکانی هەڵدانی مووشەک گەیشتووەتە نزیکەی 60%ی ئەو ژمارەیەی پێش جەنگ هەیبووە”.

هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە کە “ئێران کار دەکات بۆ دەرهێنانی هەر کۆگایەکی تری مووشەک کە لە ژێر داروپەردووی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلدا مابنەوە، هاوکات بەرپرسانی هەواڵگری ئەمریکا پێیان وایە کە هەر کە ئەو پرۆسەیە سەربگرێت، ئەوا تاران خاوەنی کۆگایەکی مووشەکی دەبێت کە بە نزیکەی 70%ی کۆگاکانی پێش جەنگ دەخەمڵێندرێت.

 

Back to top button