یەکێتی داوای یەکێک لە پۆستەکانی سەرۆکی هەرێم یان سەرۆکی حکومەت دەکات

 

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەنیازە ئەگەر گەڕی نوێی دانوستاندنەکانی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان دەستپێبکاتەوە، سەقفی داواکارییەکانی بەرز بکاتەوە، لەبەرامبەردا پارتی دیموکراتی کوردستان چەکی دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردن بەرامبەر یەکێتی بەکاردەهێنێت.

بەرپرسێکی باڵای یەکێتی کە قسەی بۆ کورد مۆنیتەر کرد، نەیشاردەوە هیچ جۆرە گفتوگۆیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لەنێوان پارتی و یەکێتیدا نەماوە، بەڵام گوتی: ئەگەر دانوستاندنەکان دەستپێبکەنەوە، لەو شوێنەوە دەستپێناکەنەوە کە جێمان هێشتووە، بەڵکو واقعێکی نوێ هاتووەتە ئاراوە، دەبێت مامەڵە لەگەڵ ئەو واقعەدا بکرێت”.

“واقعێکی نوێ دروستبووە” ئەو دەستەواژەیە بوو کە پارتی دیموکراتی کوردستان دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەرامبەر یەکێتی بەکاریهێنا و جەختی لەوەکردەوە، حزبەکەی ژمارەیەکی بەرچاوی کورسی لەو هەڵبژاردنەدا بەدەستهێناوە هەروەها پێشتر داوایان لە یەکێتی کردبوو بەر لەو هەڵبژاردنە کابینەی 10ی حکومەتی هەرێم پێکبهێنن، بەڵام یەکێتی ڕازیی نەبوو، بۆیە بەپێی ئەو واقعە نوێیە مامەڵە لەگەڵ پێکهێنانی حکومەتی هەرێمدا دەکات. ئێستاش یەکێتی هەمان دەستەواژە بۆ پارتی بەکاردەهێنێت و بردنەوەی سەرۆک کۆمار و گۆڕینی پارێزگاری کەرکوک بەبێ بەشداربوونی پارتی، مەعنەویاتی ئەو حزبەی بەرزکردوەتەوە و پێیوایە دەبێت پارتی مامەڵە لەگەڵ ئەو واقعەدا بکات.

سەرچاوە باڵاکەی کورد مۆنیتەر ئەوەی ئاشکراکرد، ئێستا یەکێتی بە 39 کورسیەوە لەگەڵ پارتی دانوستان دەکات (23 کورسی یەکێتی، 15 کورسی نەوەی نوێ و یەک کورسی بزوتنەوەی گۆڕان) هاوکات بەگوتەی ئەو سەرچاوەیە، یەکێتی لەگەڵ هاوپەیمانەکانی داوای یەکێک لەم دوو پۆستە دەکات: سەرۆکی هەرێمی کوردستان یان سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان.

لەحاڵەتی ڕەتکردنەوەی داواکاریی یەکێتی لەلایەن پارتیەوە ئەو سەرچاوەیەی کورد مۆنیتەر گوتی: بەرەو هەڵبژاردنی پێشوەختە دەچین و ئامادەین بۆ ئەو هەڵبژاردنە.

Back to top button