جموجوڵی پارتی بەرامبەر یەکێتی دەستیپێکرد؛ هێرۆ عەتار سیپان ئامێدی و بەدەل بەرواری دەچنە بەرەی پارتی؟

 

لەبەرامبەر جوڵەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ دروستکردنی بەرەیەکی پەرلەمانیی، پارتی دیموکراتی کوردستان دەستی بە جوڵەکانی کردووە بۆ ڕاکێشانی بەشێک لە ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان بۆ بەرەی حزبەکەی لە پەرلەمان.

کورد مۆنیتەر لەزاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە زانیاریی ئەوەی دەستکەوتووە، پارتی لەگەڵ سێ پەرلەمانتاری ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان قسەیکردووە، بۆئەوەی لە دەرەوەی فراکسیۆنەکانیان ڕای جیاوازیان هەبێت و نەچنە ئەو بەرەیەوە کە یەکێتی بەنیازە لەگەڵ نەوەی نوێ دروستیبکات، وەک ئەو سەرچاوەیەی کورد مۆنیتەر گوتی: پەرلەمانتارەکان بریتین لە هێرۆ عەتار، بەدەل بەرواری و سیپان ئامێدی.

هەرچەندە هێشتا یەکلانەبووەتەوە ئەو پەرلەمانتارانە دەچنە بەرەی پارتیەوە یاخود نا، بەڵام سەرچاوەکەی کورد مۆنیتەر باسی لەوەکرد، گفتوگۆی پارتی لەگەڵ ئەو سێ پەرلەمانتارە بەردەوامە، هەروەها هەوڵ هەیە تاکە کورسیەکەی بەرەی گەل لە هەولێر بچێتە بەرەی پارتیەوە.

ئەم جوڵەیەی پارتی وەك وەڵامدانەوەیەک بۆ جوڵەکەی یەکێتی تەماشا دەکرێت، کە وا بڕیارە لەم هەفتەیەدا لەگەڵ نەوەی نوێ (خاوەنی 15 کورسی) هاوپەیمانێتیەک دروست بکەن، دواتریش لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان – باڵی کوردسات (خاوەنی یەک کورسی) قسەبکەن و هاوپەیمانێتیەکەیان فراوان بکەن.

هەر بەگوێرەی زانیارییەکانی کورد مۆنیتەر، پارتی لەنێو 15 پەرلەمانتارەکەی نەوەی نوێ کاردەکات و هەوڵدەدات بەشێکیان بەتایبەت ئەوانەی سنوری هەولێر و دهۆک، بۆنێو هاوپەیمانێتیەکەی خۆی ڕابکێشێت.

Back to top button