قائانی بۆ میلیشیا شیعەکان: ئامادەبن بۆ ناردنی هێز لەحاڵەتی دروستبوونی ڕاپەڕینی جەماوەریی لەئێران

 

  • داوایکردووە گروپەکانی بەرەی مقاوەمە سەربەخۆیانە چالاکی دژی ئەمریکا ئەنجام نەدەن
  • پابەندی ئاگربەست بن و نەبنە هۆکارێک بۆ شکاندنی
  • ئامادەبن بۆ ئەگەری ناردنی هێز بۆ ئێران

سەردانە مشتومڕاویەکەی ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودس بۆ بەغدا پرسیار گەورەی لەسەر پەلکێشکردنی عێراق بۆ جەنگی ئێران دروستکردووە، لەحاڵەتێکدا ئەگەر جەنگەکە سەر هەڵبداتەوە، سەرچاوەیەک-یش لە بەغداوە بۆ کورد مۆنیتەر ناوەڕۆکی سەردانەکەی قائانی بۆ بەغدا ئاشکراکرد.

وەك ئەو سەرچاوەیەی کورد مۆنیتەر گوتی، قائانی داوای لە فەرماندەی گروپە چەکدارەکانی بەرەی مقاوەمە کردووە، دان بەخۆیاندا بگرن و نەبنە هۆکارێک بۆ دەستپێکردنەوەی هێرش بۆسەر ئەمریکا، قائانی داوای هەماهەنگکردنی لە هەڵوێستەکانی نێوان ئێران و گروپەکان کردووە، لەبارەی ئەگەری دەستپێکردنەوەی جەنگ، لەگەڵ دەستنیشانکردنی ئامانجەکانی هێرشکردن.

وەک ئەو سەرچاوەیە گوتی: قائانی مەبەستی بووە دووپاتی بکاتەوە کە سەرەڕای فشارە نێودەوڵەتییەکان و ئاگربەست، ئێران هێشتا وەک نێوەندگیر و فاکتەری یەکلاکەرەوە لە سیاسەتی ناوخۆیی عێراق و لە بەڕێوەبردنی میلیشیا شیعەکاندا پێگەی خۆی پاراستووە، چونکە ئێستا ناوماڵی شیعە بەدەست ناکۆکیی لە دیاریکردنی کاندیدی سەرۆک وەزیرانەوە دەناڵێنن.

هاوکات لە کاتی سەردانەکەدا، قائانی کاری کردووە بۆ دۆزینەوەی کاندیدێکی تەوافوقی کە بەرژەوەندییەکانی ئێران بپارێزێت بێ ئەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ڕۆژئاوا بپچڕێنێت.

لەبەشێکی دیکەی گفتوگۆکانی لەگەڵ فەرماندەی گروپەکان قائانی داوای گۆڕینی شێوازی کارکردن لە ئۆپەراسیۆنی ڕۆتینییەوە بۆ ئۆپەراسیۆنی جۆری و باڵا کردووە، ئەویش بە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای نوێ، هاوکات قائانی داوایکردووە، گروپەکانی بەرەی مقاوەمە لە حاڵەتی دەستپێکردنی نارەزایەتییەکان لە ئێران، لە باشووری ڕۆژئاوای ئێران بڵاوە بکەن، بە ئامانجی یارمەتیدانی ڕژێم بۆ سەرکوتکردنی هەر ڕاپەڕینێکی مەدەنی ئەگەر لە کاتی جەنگێک دا ڕووبدات.

Back to top button