“پلانی دادوەرەکان” کورد مۆنیتەر پلانی پارتی بۆ دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئاشکرادەکات

  • بنێچیرڤان بارزانی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان هەڵدەوەشێنێتەوە
  • لەڕێگەی ژمارەیەک دادوەرەوە سەرپەرشتی هەڵبژاردنی داهاتوو دەکرێت

پارتی دیموکراتی کوردستان تاوتوێی هەڵوەشاندنەوەی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان دەکات ئەگەر بێتوو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان نەیەوێت بەزوویی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکبهێنرێت.

سەرچاوەیەکی ئاگادار وردەکاریی پلانی هەڵوەشاندنەوەی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان بۆ کورد مۆنیتەر باسکرد و گوتی: ئەگەر لەگەڵ یەکێتی نەگەیشتینە ئەنجام، ئەوا هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بژاردەیەکی بەهێزە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە مەرسومێکی هەرێمیی پەرلەمان هەڵدەوەشێنێتەوە”.

ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەشکرد، بەوپێیەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان هەڵوەشاوەتەوە و کۆمسیۆنەکەی عێراقیش تەمەنی تەواو بووە، هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان لەڕێگەی ژمارەیەک دادوەرەوە سەرپەرشتی دەکرێت کە لەنێوان 10 بۆ 12 دادوەردا دەبێت.

ئەو سەرچاوەیەی کورد مۆنیتەر کە ئاگاداری گفتوگۆی پارتییە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان باسی لەوەکرد، لەمڕۆوە سەردانی پارتی بۆلای لایەنە سیاسییەکان دەستیپێکردووە و پارتی مەبەستیەتی ئەو پەیامە بگەیەنێت کە ئەگەر یەکێتی ئامادەی پێکهێنانی حکومەت نەبێت، ئەوا پەرلەمان هەڵدەوەشێتەوە و بەرەوە هەڵبژاردن دەڕۆن.

زیاتر لە ساڵێک و شەش مانگە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامدراوە، جگە لە سوێندخواردنی پەرلەمانتاران، نە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان هەڵبژێردراوە، نە سەرۆکایەتیەکانی دیکەش، ئەوەش بەهۆی نەگەیشتنە ئەنجامی دانوستانەکانی پارتی و یەکێتی کە بە وتەی هەردوو حزبەکە لەسەر هێڵە گشتییەکان ڕێککەوتون و ئەوەی ماوەتەوە ڕێککەوتنی لەسەر بکرێت دابەشکردنی پۆستەکانی کابینەی 10ی حکومەتی هەرێمە.

Back to top button