
ڕۆژنامەی “نیویۆرک تایمز” ڕۆژی سێشەممە لە زاری چەند بەرپرسێکی عێراقییەوە بڵاویکردەوە، واشنتۆن پاڵپشتی و دابینکردنی بودجەی بۆ دەزگا ئەمنییەکانی عێراق هەڵپەساردووە، ئەمەش بە مەبەستی گوشارخستنە سەر بەغداد بۆ ڕێگریکردن لەو میلیشیایانەی کە پەیوەندییان بە ئێرانەوە هەیە.
بەرپرسانی عێراق ڕایانگەیاندووە: “واشنتۆن پاڵپشتی و دارایی دەزگا ئەمنییەکانی ئێمەی ڕاگرتووە بۆ ئەوەی گوشار دروست بکات بۆ سنووردارکردنی ئەو گرووپانەی کە بە ئێرانەوە بەستراونەتەوە.”
لەم بارەیەوە، ڕۆژنامەکە لە زاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاوە گواستوویەتییەوە: “هیچ لێبووردەییەک بەرامبەر هێرشکردنە سەر بەرژەوەندییەکانمان نییە و چاوەڕوان دەکەین بەغداد ئەو میلیشیایانە هەڵبوەشێنێتەوە کە پەیوەندییان بە ئێرانەوە هەیە.”
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەم دواییانە لایەنە حکومییەکانی عێراقی تۆمەتبار کرد بە پێشکەشکردنی پاڵپشتی ڕاستەوخۆ بۆ “میلیشیا تیرۆریستییەکان”، لە هەمان کاتدا باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغداد هۆشداری دا لە هەڵکشانی هەڕەشە ئەمنییەکان و بەردەوامی داڕشتنی پلان بۆ ئەنجامدانی هێرش کە هاووڵاتیانی ئەمریکی دەکەنە ئامانج.
میلیشیای “کەتائیبی حزبوڵڵا” کە لە لیستی تیرۆری ئەمریکادایە، لە پێشەنگی ئەو میلیشیایانە دێت، لەگەڵ “کەتائیبی سەیدولشوهەدا” و “بزووتنەوەی نوجەبا”، جگە لە چەند میلیشیایەکی تر کە لەژێر چەتری ئەوەی پێی دەوترێت “مقاوەمەی ئیسلامی” کار دەکەن، کە ڕۆڵیان بە شێوەیەکی بەرچاو لە کاتی گرژییەکانی ئەم دواییەی ناو عێراق و ناوچە جیاجیاکانی تری هەرێمەکەدا دەرکەوتووە.





