
لە کاتێکدا زلهێزەکانی جیهان باس لە “سەربازی زیرەک”، “درۆنی خۆکوژ” و “جەنگی سایبەری” دەکەن، عێراق بە گەڕانەوەی باس و خواستی “خزمەتی سەربازیی زۆرەملێ” دەیەوێت سوپاکەی بەهێز بکات، ئەو هەنگاوەش وەک گەڕانەوە بۆ دواوە دەبینرێت.
پەرلەمانی ماوەیەکە کار لەسەر پڕۆژەیاسایەک دەکات کە تێیدا گەنجانی تەمەن 18 بۆ 35 ساڵ پابەند دەکات بە ئەنجامدانی خزمەتی سەربازی بۆ ماوەیەک کە لە نێوان 9 بۆ 18 مانگدا دەبێت (بەپێی بڕوانامەی خوێندن).
لایەنگرانی ئەم یاسایە پێیان وایە کە ئەم هەنگاوە پێویستە بۆ بەهێزکردنی ناسنامەی نیشتمانی و تێکەڵکردنی پێکهاتە جیاوازەکان لە ژێر یەک ئاڵادا، هەروەها کەمکردنەوەی بێکاری کە مووچەیەک بۆ ئەو گەنجانە دابین دەکرێت کە بێکارن. جگە لەوە فێرکردنی گەنجان بە پابەندیی و ڕێکخستن.
زۆرێک لە چاودێرانی سەربازی و تەکنەلۆژی پێیان وایە ئەم هەنگاوە لەگەڵ سەردەمەکەدا ناگونجێت، چونکە عێراق پێویستی بە بودجەیەکی خەیاڵییە بۆ دروستکردنی سەربازگە، دابینکردنی خۆراک، جلوبەرگ و مووچە. لە کاتێکدا دەکرێت ئەم پارەیە لە ژێرخانی دیجیتاڵی و پەروەردەدا خەرج بکرێت.
جەنگەکانی ئێستا (وەک ئەوەی لە ئۆکرانیا یان ئێران و ناوچەکە دەبینرێت) سەلماندیان کە 100 درۆنی زیرەک و سیستەمێکی تێکدانی ئەلیکترۆنی کاریگەرترن لە 10 هەزار سەربازی پیادە.
زۆربەی وڵاتانی پێشکەوتوو بەرەو سوپایەکی بچووکی مەشقپێکراوی “تەکنیکی” دەچن، نەک سوپایەکی گەورەی “ژمارەیی” کە تەنیا چەکێکی سادەی پێ بێت. لە کاتێکدا جیهان گەنجەکانی فێری کۆدینگ و پێگەیاندنی مۆدێلەکانی زیرەکی دەستکرد دەکات بۆ پاراستنی وڵات لە هێرشی ئەلیکترۆنی، گەڕانەوە بۆ خزمەتی زۆرەملێ لە عێراق بە بە فیڕۆدانی کات و وزەی گەنجان” دادەنرێت کە دەکرێت لە کەرتی تەکنەلۆژیادا سوودیان لێ ببینرێت.
جیاوازییەکە لێرەدا ئەوەیە، جیهان سوپا وەک “عەقڵ و تەکنەلۆژیا” دەبینێت، بەڵام لە عێراق هێشتا وەک “بازو و و ژمارە” تەماشا دەکرێت. ئەمەش مەودای نێوان عێراق و پێشکەوتنی جیهانی زیاتر دەکات. بۆیە لەم بارودۆخەدا ئەو پرسیارە دێتە ئاراوە: ئایا عێراق پێویستی بە سەربازێکە کە کڵاشینکۆف هەڵبگرێت یان گەنجێک کە بتوانێت بەرگری لە سیستەمە ئەلیکترۆنییەکانی وڵات بکات؟
چین دەیەوێت تا ساڵی 2049 ببێتە خاوەنی “سوپایەکی پلە یەک” لە جیهاندا. ستراتیژی ئەوان بریتییە لە زیرەککردنی هەموو کەرەستە سەربازییەکان. موشەکی هایپەرسۆنیک کە خێراییەکەی 5 هێندەی دەنگ بێت و سیستەمە بەرگرییەکان نەتوانن دەستنیشانی بکەن.
کەرتی مەدەنی و سەربازی چین هەموو کۆمپانیا تەکنەلۆژییە مەدەنییەکانی ناچار کردووە کە دوایین داهێنانەکانیان لە خزمەت سوپادا بێت.
تورکیا نمونەیەکی نزیکە کە توانیویەتی هاوسەنگی هێز لە ڕێگەی تەکنەلۆژیاوە بگۆڕێت.
فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بایراکتار نیشانیاندا کە تانکە گرانبەهاکان لە بەرامبەر تەکنەلۆژیایەکی هەرزان و زیرەکدا لاوازن، ئێستا تورکیا کار لەسەر کەشتیگەلی بێ سەرنشین دەکات بۆ پاراستنی سنوورە ئاوییەکانی.
ئیسرائیل یەکێکە لەو وڵاتانەی کە زۆرترین وەبەرهێنان لە بواری “سیستەمی بەرگریی” و “جەنگی ئەلیکترۆنی” دەکات. قوبەی ئاسنین کە پشت بە ڕادار و سیستەمی کۆمپیوتەریی زۆر خێرا دەبەستێت بۆ تێکشکاندنی موشەکەکان لە هەوادا.
یەکەی هەشت هەزار و 200 گەورەترین یەکەی سوپایە، بەڵام سەربازەکانی چەکیان پێ نییە، بەڵکو “هاککەر” و “بەرنامەداڕێژەرن” کە جەنگی سایبەری بەڕێوە دەبەن.





