بۆچی ترەمپ ژنەکەی پێشووی لە یاریگەیەکی گۆڵفدا ناشت؟

 

چیرۆکی ناشتنی ئیڤانا ترەمپ، هاوسەری پێشووی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کە لە تەمموزی 2022 دا کۆچی دوایی کرد لە یاریگەیەکی گۆڵف، کاردانەوەیەکی مشتومڕاوی لە میدیاکانی ئەمریکادا لێکەوتەوە.

ئیڤانا لە یانەی گۆڵفی نیشتمانیی ترەمپ لە ناوچەی بێدمینستەر لە ویلایەتی نیوجێرزی نێژراوە. گۆڕەکەی دەکەوێتە شوێنێکی نزیک لە یەکەم کونی یاریگاکە کە بە گژوگیایەکی زۆر دەورەدراوە و تەنها کێلێکی سادەی لەسەر دانراوە.

بۆچی لەوێ نێژرا؟

شارەزایان وەڵامێکی کورتیان بۆ ئەم پرسیارە هەیە؛ کەمکردنەوەی باج

ئەمە ئەو خاڵەیە کە زۆرترین ڕەخنەی لێگیرا. بەپێی یاساکانی ویلایەتی نیوجێرسی، ئەو زەوییانەی وەک گۆڕستان بەکاردێن، لە زۆر جۆری باج دەبەخشرێن، لەوانە: باجی سەر دارایی، باجی فرۆشتن و داهات.

بەپێی بەڵگەنامە فەرمییەکان، ترەمپ پێشتر هەوڵی دابوو بەشێکی ئەو زەوییە بکاتە گۆڕستان، چونکە بە زەویی گۆڕستان ناساندنی ئەو شوێنە دەبێتە هۆی ئەوەی یانەکە سوودێکی زۆر لە باج وەربگرێت، تەنانەت ئەگەر تەنها یەک گۆڕیشی لێ بێت.

دۆناڵد ترەمپ پێشتر لە ساڵی 2017دا ئاماژەی بەوە کردبوو کە دەیەوێت لەوێ گۆڕستانێکی خێزانی دروست بکات و خۆشی لەوێ بنێژرێت، چونکە ئەو شوێنە لای ئەو زۆر تایبەتە. ناشتنی ئیڤانا لەوێ وەک سەرەتایەک بوو بۆ جێبەجێکردنی ئەو پلانە.

زۆرێک لە چاودێران ڕەخنەی ئەوەیان گرت کە دۆناڵد ترەمپ تەنانەت مردنی هاوسەری پێشووی بەکارهێناوە بۆ بەرژەوەندی دارایی و کەمکردنەوەی باجەکانی. لە بەرامبەردا، لایەنگرانی ترەمپ دەڵێن ئەمە بڕیارێکی خێزانییە و بۆ ئەوە بووە کە ئیڤانا لەو شوێنە بێت کە خێزانەکەی زۆرترین کاتی لێ بەسەر دەبەن.

چیرۆکەکە تێکەڵەیەکە لە پلانێکی خێزانی و زیرەکییەکی یاسایی بۆ کەمکردنەوەی باج، کە وایکردووە ئیڤانا ترەمپ لە جیاتی گۆڕستانێکی گشتی، لە ناو جەرگەی یاریگەیەکی گۆڵفدا جێگیر بەخاک بسپێردرێت.

 

Back to top button