ئەو بڕیارەی ئەگەر ئەمریکا بیدات دۆخی ئابووریی عێراق ڕوبەڕووی کارەسات دەبێتەوە

 

زیاد هاشمی، شارەزای کاروباری ئابووری سەرنجی خۆی لەسەر ڕاگرتنی ناردنی بارە دۆلارەکان بۆ عێراق لەلایەن ئەمریکاوە خستەڕوو. ناوبراو هۆشداری پێشوەختەی دا لەوەی کە بە “مەترسیدارترین” هەنگاو ناوی برد، ئەویش پەرەسەندنی فشارەکانی واشنتۆن و ڕاگرتنی تەواوەتی سیستەمی حەواڵەی عێراقییە؛ بە وتەی ئەو، لەو کاتەدا حکومەتی عێراق ڕووبەڕووی قەیرانێکی دارایی گەورە دەبێتەوە کە تێپەڕاندنی کاریگەرییەکانی ئەستەم دەبێت و بابەتەکە تەنها لە بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار دا قەتیس نابێت.

هاوکات ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ وتارێکی نووسەرێکی ئەمریکی بڵاوکردووەتەوە کە لە ساڵانی کۆتاییدا چاودێری دۆخی دارایی عێراق دەکات و لێکۆڵینەوەیەکی وردی بە ناونیشانی “دۆلارەکانی عێراق و گروپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران.. فراوانترین لێکۆڵینەوەی ئەمریکی نهێنی و ناوەکان ئاشکرا دەکات!” بڵاوکردووەتەوە. لێکۆڵینەوەکە باس لە جوڵەی دراوی قورس لە وڵاتەکەدا و هۆکاری زیادبوونی سنووردارکردنەکانی ئەمریکا دەکات لەسەر بازاڕی عێراق بەهۆی سوودوەرگرتنی هاوپەیمانانی ئێران لە دۆلاری عێراقی. “دەیڤید کڵاود” نووسەری وتارەکە دەڵێت واشنتۆن لەم دواییانەدا نیو ملیار دۆلاری کاشی ڕاگرتووە کە بڕیار بوو بە ڕێگەی ئاسمانی بگاتە عێراق، ئاماژە بەوەش دەکات کە ئەمە سەرەتای قۆناغێکی ڕاشکاوانەیە لە نێوان حکومەتی عێراق و ئیدارەی ترەمپ سەبارەت بە پرەنسیپی داماڵینی چەکی گروپە چەکدارەکان.

هاشمی لە پۆستێکدا لە فەیسبووک ڕوونی دەکاتەوە کە “هەواڵی ڕاگرتنی بارە دۆلارە کاشەکان بۆ عێراق ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر پشتڕاست دەبێتەوە، بەتایبەت دوای ئەوەی ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی جەختی لە ڕاگرتنی ناردنی دۆلار بۆ بانکی ناوەندیی عێراق کردەوە.”

هاشمی دەشڵێت: “ڕاگرتنی بارە دۆلارەکە فشار بۆ سەر بانکی ناوەندی دروست دەکات و ڕەنگە ناچاری بکات پەنا بۆ بژاردەی دیکەی سەخت ببات بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کەمیی دۆلاری نەقدی، کە گرنگترینیان بەکارهێنانی ئەو یەدەگە دۆلارە نەقدییەیە کە هەیەتی بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی گەشتکردن، چارەسەری پزیشکی و خوێندن.”

لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: “ئەم چارەسەرە بە خێرایی ئەو بڕە دۆلارە کاشەی لای بانکی ناوەندی کۆکراوەتەوە بەفیڕۆ دەدات، ڕەنگە دواتر کارەکان بگەنە ئەوەی بۆ گەشتیاران و نەخۆشەکان دراوی دیکە لەبری دۆلار دابین بکرێت، ئەمەش وادەکات ئەو توێژانە لە بازاڕی تەریبدا (بازاڕی ڕەش) بەدوای دۆلاردا بگەڕێن، کە داواکارییەکی زیاتر دروست دەکات و دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بۆ ئاستێکی زۆر بەرز.”

لە کۆتاییدا ئاماژە بەوە دەکات کە “ڕەنگە ئەمە کێشەیەک بێت بتوانرێت مامەڵەی لەگەڵ بکرێت هەرچەندە بە سەختیش بێت، بەڵام کێشە گەورەکە ئەو کاتە دەبێت کە واشنتۆن فشارەکان زیاد بکات و سیستەمی حەواڵەی عێراقی بە تەواوی ڕابگرێت، ئەو کاتە حکومەتی عێراق لەبەردەم قەیرانێکی دارایی گەورەدا دەبێت کە تێپەڕاندنی لێکەوتەکانی زۆر ئەستەمە.”

Back to top button