
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا خەڵاتێکی دارایی بە بڕی 10 ملیۆن دۆلار بۆ هەر کەسێک تەرخان کرد کە زانیاری لەسەر شوێنی مانەوەی ئەبو ئالا وەلائی، سەرکردەی گروپی کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا پێبدات. بەڵام ئەمشەو ئەبو ئالا تەحەدای ئەمریکای کرد و لەکۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە بەشداربوو.
ئەبو ئالا وەلائی کێیە؟
ناوی تەواوی هاشم فینان رەحیم سەراجییە و بە “ئەبو ئالا وەلائی” ناسراوە. سکرتێری گشتیی گرووپی “کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا”یە، کە گوروپێکی چەکداری شیعەی عێراقە و لە ساڵی 2013 دامەزراوە. وەلائی بە یەکێک لە نزیکترین کەسایەتییە عێراقییەکان لە تاران و سوپای پاسدارانی ئێران دادەنرێت. ئەو بە ئاشکرا شانازی بەوە دەکات کە شوێنکەوتەی رێبەری باڵای ئێرانە و گرووپەکەشی وەک بەشێک لە “بەرەی مقاوەمە” لە ناوچەکەدا کار دەکات.
چالاکییە سەربازییەکان:
لە سووریا: گرووپەکەی وەلائی لە سەرەتای دامەزراندنییەوە رۆڵێکی بەرچاوی هەبوو لە شەڕی ناوخۆی سووریادا بۆ پشتیوانیکردن لە رژێمەکەی بەشار ئەسەد.
لە عێراق: گرووپەکەی بەشێکە لە دەستەی حەشدی شەعبی، بەڵام واشنتن تۆمەتباریان دەکات بەوەی لە دەرەوەی فەرمانی دەوڵەت کار دەکەن و هێرش دەکەنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا.
رووبەڕووبونەوە لەگەڵ ئەمریکا:
وەزارەتەکانی دەرەوە و دارایی ئەمریکا، ئەبو ئالا وەلائی و گرووپەکەشیان وەک “تیرۆریستی جیهانی” پۆلێن کردووە.
واشنتن وەلائی تۆمەتبار دەکات بەوەی رۆڵی سەرەکی هەبووە لە رێکخستنی هێرشە درۆنی و مووشەکییەکان بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوووریا.
پێگەی سیاسی لە عێراق:
سەرەڕای ئەوەی لە لایەن ئەمریکاوە داواکراوە، بەڵام ئەبو ئالا وەلائی وەک کەسایەتییەکی سیاسیی کاریگەر لە ناو “چوارچێوەی هاوئاهەنگی” دەبینرێت. ئەمەش وایکردوە حکومەتی عێراق لەژێر فشارێکی زۆری واشنتندا بێت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم جۆرە سەرکردانە.
پڕۆگرامی خەڵات و دادپەروەری سەر بە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ئێکس بڕیارەکەی بڵاویکردەوە، دەڵێت: زانیارییان لەسەر “هاشم فینان رەحیم سەراجی”، ناسراو بە ئەبو ئالا وەلائی پێویستە و بەدوایدا دەگەڕێن.
واشنتن کەتیبەکانی سەیدولشوهەدای تۆمەتبار کردووە بەوەی “هاووڵاتییانی مەدەنیی عێراقییان کوشتووە و هێرشیان کردوەتە سەر دامەزراوە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا لە عێراق، هەروەها هێرشکردنە سەر بنکە سەربازییەکان و کارمەندانی ئەمریکی لە عێراق و سووریا.”
لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەدا هاتووە، هەر کەسێک زانیاریی ورد بدات، دەکرێت خەڵاتە داراییەکەی پێبدرێت و ئەگەری “گواستنەوەی بۆ شوێنێکی سەلامەت”ـیشی هەیە.





