
ڕوانگەی “ئیکۆ عێراق” کۆی خەرجی ڕۆژانەی سەرۆکایەتی کۆماری عێراقی بۆ ساڵی 2025 بڵاوکردەوە و داوایکردووە، پەرلەمانی عێراق سنورێک بۆ ئەو خەرجییە زۆرانەی سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق دابنێت.
ڕوانگەکە ئاماژەی بەوەداوە، لە ساڵی 2005دا سەرۆکایەتی کۆمار 52 ملیار و 366 ملیۆن و 674 هەزار دینار خەرجییەکەی بووە، کە ڕۆژانە 143 ملیۆن و 470 هەزار دینار بووە، زۆرینەی ئەو پارەیەش بۆ مووچە و خواردن و کڕینی کاڵا بووە. بودجەی وەبەرهێنانیش تەنیا 218 ملیۆن دینار بووە.
ئیکۆ عێراق باسی لەوەشکردووە، سەرۆکایەتی کۆمار لە ساڵی 2025 هیچ پێشنیازە یاسایەکی پێشکەش نەکردووە، هەروەها هیچ چالاکییەکی نەبووە کە ڕاستەوخۆ خزمەت بە هاووڵاتیان بکات، سەرەرای ئەو پارە زۆرەی خەرجیکردووە.
لەکۆتایدا ئیکۆ عێراق داوا لە پەرلەمان دەکات, یاسایەک دابڕێژن و تیایدا مووچەی سێ سەرۆکایەتییەکە و خەرجییەکانیان دیاریکەن، بۆ ڕێگریکردن لەو بەهەدەردانە لە داهاتی عێراق کە ئێستا وڵات بەدەست دۆخێکی خراپی ئابوورییەوە دەناڵێنێت.





