
دوای کۆبوونەوەی ئێوارەی هەینی هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لە ماڵی هومام حەمودی، کۆبوونەوەیەکی دووەم لە ماڵی نوری مالکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا ئەنجامدراوە، بە مەبەستی تاووتوێکردنی ڕێڕەوی پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو و دابەشکردنی وەزارەتەکان بەسەر لایەنە سیاسییەکاندا. کورد مۆنیتەر بۆ یەکەمجار زانیاریی گرنگ ئاشکرادەکات.
سەرچاوەیەکی باڵای سیاسی تایبەت بە کورد مۆنیتەر-ی ڕاگەیاند، کۆبوونەوەکە هەریەکە لە نوری مالکی، عامر فایز، موحسین مەندەلاوی و ئەبو ئالا وەلائی تیادا بووە، تێیدا تاوتوێی ئەو ڕێککەوتنە کراوە کە لە ناو چوارچێوەی هەماهەنگیدا دەکرێت سەبارەت بە کاندیدی سەرۆکایەتی وەزیران و میکانیزمی سپاردنی وەزارەتەکان لە حکومەتی داهاتوودا.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکرد، پێشنیازێک لەکۆبوونەوەی ئەمڕۆی چوارچێوەی هەماهەنگی دەخرێتە ڕوو، کە تیایدا باسم بەدری بۆ سەرۆکایەتی حکومەت کاندید دەکرێت، لە بەرامبەر ئەوەدا هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان بە سەرۆکایەتی محەمەد شیاع سودانی پێنج وەزارەت وەربگرێت، کە لە نێوانیاندا پۆستی جێگری سەرۆک وەزیران و وەزارەتێکی سیادی هەبێت.
بەپێی گوتەی سەرچاوەکەی کورد مۆنیتەر، ئەو لێکتێگەیشتنە سەرەتاییانەی کۆبوونەوەکە پێی گەیشتووە، خاڵێکی تری تێدایە کە بریتییە لە “نەکردنەوەی دۆسیەی حکومەتەکانی پێشوو”، هەروەها کارکردن بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە.
سەرچاوە باڵاکەی کورد مۆنیتەر گوتیشی، ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە پشتگیرییان لە بیرۆکەی پەنابردن بۆ کاندیدی تەوافوقی نەکردووە کە لە کۆبوونەوەکەی ڕۆژی هەینیدا باسکرابوو.
ئەم تحروکاتانە دوای کۆبوونەوەیەکی چوارچێوەی هەماهەنگی دێت لە ئێوارەی هەینیدا، کە بەبێ یەکلاکردنەوەی کاندیدی سەرۆکایەتی حکومەت کۆتایی هات، ئەمەش دوای ئەوەی نەتوانرا کاندیدی دوو جەمسەرە سەرەکییەکەی ناو چوارچێوەکە (نوری مالیکی و محەمەد شیاع سودانی یان نوێنەرەکەی) تێبپەڕێنرێت، سەرەڕای هێنانە پێشەوەی چەند کاندیدێکی نوێ.
لە نێوان ئەو ناوانەی لە کۆبوونەوەکەی هەینیدا هاتبوونە پێشەوە: حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی پێشووتر، عەدنان زورفی سیاسەتمەدار، محەمەد ساحب دەڕاجی وەزیری پێشوو، لەگەڵ ئەو ناوانەی پێشتریش باسکرابوون وەک: نوری مالیکی، محەمەد شیاع سودانی و باسم بەدری، لەگەڵ ئەگەری زیادکردنی کاندیدی دیکە.
سەرچاوەکە ئاماژەی بە بوونی گوشاری ناوخۆیی و نێودەوڵەتی کردووە بۆ یەکلاکردنەوەی پێکهێنانی حکومەت، لەگەڵ هەبوونی “ڤیتۆ” لەسەر هەندێک لە کاندیدەکان، ئەمەش گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی لە ناو چوارچێوەکەدا قورستر کردووە.
چوارچێوەی هەماهەنگی، کە هێزە سیاسییە شیعە حوکمڕانەکانی عێراق لەخۆدەگرێت، زیاتر لە جارێک شکستی هێناوە لە یەکلاکردنەوەی کاندیدی سەرۆکایەتی وەزیران، لە کاتێکدا پرۆسەی پێکهێنانی حکومەت دوای هەڵبژاردنی نزار ئامێدی وەک سەرۆک کۆمار، چووەتە قۆناغێکی هەستیارەوە، ئەمەش وای کردووە کوتلەی گەورە لەبەردەم وادەیەکی دەستووریدا بێت کە ئەمڕۆ شەممە کۆتایی دێت بۆ پێشکەشکردنی کاندیدی فەرمی، ئەمەش لە ناو ترسی گەڕانەوە بۆ چەقبەستوویی سیاسی.





