پڕۆژەیاسای سزادانی سوکایەتیکردن بە خودا و پێغەمبەری ئیسلام دەبرێتە پەرلەمانی عێراق

 

نیهال شەمەری، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی عەزم، پڕۆژەپێشنیازێکی بۆ هەموارکردنەوەی یاسای سزادان، بەتایبەت ماددەی (372) پێشکەش کرد، بە ئامانجی سنووردانان بۆ گوتار و لێدوانە تائیفییەکان لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بەرامبەر بە سیمبول و پیرۆزییە ئاینییەکان.

نیهال شەمەری لە لێدوانێکدا بۆ کورد مۆنیتەر باسی لەوەکرد، هەموارکردنەوەکە ئازادییەکان بەرتەسک ناکاتەوە، بەڵکو چوارچێوەیەک دادەنێت کە جیاوازی دەکات لە نێوان ئازادی ڕادەربڕینی بەرپرسیارانە و گوتاری ڕق وکینە کە هاندەرە بۆ فیتنە”، جەختیشی کردەوە کە ئازادی بیروڕا لە دەستووردا مسۆگەر کراوە.

شەمەری ئاماژەی بەوەش کرد کە پێشنیازەکە “ئەو کەسانە بە تاوانبار دادەنێت کە سوکایەتیی ئاشکرا بە خودا، پێغەمبەران، ئالوبەیت، هاوەڵانی پێغەمبەر و هاوسەرانی پێغەمبەر لەخۆدەگرێت، چ بە ئاشکرابێت یان بە ئاماژە، لەگەڵ سەپاندنی سزای توند کە بەندکردن و غەرامە دەگرێتەوە”.

نیهال شەمەری ڕوونیشی کردەوە کە پێشنیازەکە سزای پێنج ساڵ زیندانی یان سێ ملیۆن دینار غەرامە بۆ هەر کەسێک دیاری دەکات کە “جنێو و سوکایەتی” بە پێغەمبەر، هاوەڵان و هاوسەرانی پێغەمبەر بدات، بە مەرجێک تۆمەتبارەکە بە کەفالەت ئازاد نەکرێت.

شەمەری ئاماژەی بەوەش دا کە هەموارکردنەوەکە جەخت لە توندکردنی سزاکان دەکاتەوە لە ئەگەری دووبارەبوونەوەی تاوانەکە، جەختیشی کردەوە کە یاساکە بەسەر هەموواندا بێ جیاوازی جێبەجێ دەکرێت، ئەوەش بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گوتاری ڕق وکینە و ڕەگەزپەرستیی تائیفی و پاراستنی یەکڕیزیی کۆمەڵگە.

ماددەی (372) لە یاسای سزادانی عێراقی باس لە سزادانی هەر کەسێک دەکات کە بە ئاشکرا سوکایەتی بە بیروباوەڕ یان دروشمە ئاینییەکان بکات، یان بە ئەنقەست پشێوی بخاتە ناو ئەنجامدانی ڕێوڕەسمەکانیان، یان شوێنەکانی پەرستن و سیمبولە ئاینییەکان تێک بدات یان بێڕێزییان پێ بکات، ئەمەش بە سزایەک کە دەگاتە بەندکردن یان غەرامە بەپێی جۆری کارەکەی.

Back to top button