شۆکێکی گەورە بۆ ئابووریی عێراق؛ چۆن بەرازیل پشتی عێراقی لە بازاڕەکانی چین شکاند؟

 

داتا نوێیەکانی هاوردەی نەوتی خاوی چین لە ماوەی چارەکی یەکەمی ساڵی 2026دا، کە درێژکراوەی ساڵی 2025ە، گۆڕانکارییەکی ستراتیژیی بەرچاویان ئاشکرا کردووە؛ بە جۆرێک هەناردەی نەوتی بەرازیل و ئەنگۆلا بەرزبوونەوەیەکی پێوانەییان لەسەر حیسابی پشکەکانی عێراق و وڵاتانی کەنداو تۆمار کردووە. بۆ یەکەمجار لە مێژووی ئاڵوگۆڕی بازرگانیدا، بەرازیل توانی عێراق تێپەڕێنێت و وەک دابینکەرێکی سەرەکیی نەوت بۆ چین دەربکەوێت.

هۆکارەکانی سەرکەوتن لەودیو قەیرانی ڕێڕەوە ئاوییەکانەوە چییە؟

پاشەکشەی پشکی بازاڕی عێراق و وڵاتانی ناوچەکە تەنها دەرەنجامی “قەیرانی گەرووی هورمز” نەبووە، بەڵکو چەندین هۆکاری دیکە یەکیان گرتووە کە پێگەی ڕکابەرە نوێیەکانیان بەهێز کردووە لەوانە:

کوالیتی و تایبەتمەندییە هونەرییەکان: بەرازیل و ئەنگۆلا خاوەنی نەوتی خاون کە بە کەمیی ڕێژەی کبریت و کوالیتییەکی بەرزتر بەراورد بە نەوتی عێراق دەناسرێتەوە، ئەمەش وایان لێدەکات ببنە بژاردەی دڵخوازی پاڵاوگە چینییەکان کە هەوڵی کەمکردنەوەی تێچووی پاڵاوتن دەدەن.

ڕزگاربوون لە کۆتوبەندەکانی ئۆپێک پڵەس: بەو پێیەی ئەم دوو وڵاتە لە دەرەوەی ڕێکخراوەکەن، پابەندی سەقفی دیاریکراوی بەرهەمهێنان نین، ئەمەش نەرمی زۆری پێ بەخشیون لە پڕکردنەوەی داخوازییە ڕوو لە زیادبووەکانی چین و فراوانکردنی پشکەکانیان لە بازاڕدا، بەبێ ڕێگری یاسایی نێودەوڵەتی.

ئاسایشی جیۆپۆلیتیکی: ڕێڕەوی گواستنەوەی دەریایی لە ئەمریکای باشوور و ئەفریقاوە ئاسایشێکی زیاتر دابین دەکات و دوورە لە گرژییەکانی گەرووەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمەش بەردەوامیی دابینکردنی پێداویستییەکان مسۆگەر دەکات.

وەبەرهێنانە دوولایەنەکان: وەبەرهێنانە زەبەلاحەکانی چین لە کەرتەکانی وزەی بەرازیل و ئەنگۆلادا، ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەیان هەبووە لە توندوتۆڵکردنی ئەم هاوبەشییەدا.

شۆکی چاوەڕوانکراوی “نیسان و ئایار”

سەرەڕای ئەوەی عێراق لە ئێستادا 10%ی هاوردەی چین دەپارێزێت، بەڵام پێشبینییەکان ئاماژە بۆ دابەزینێکی توند لە مانگەکانی نیسان و ئایاردا دەکەن. هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بارە نەوتییەکانی مانگی ئادار پێشتر گرێبەستیان بۆ کراوە و لە سەرەتای ساڵەوە کەوتوونەتە ڕێ، لە کاتێکدا کاریگەریی ڕاستەقینە و ڕاستەوخۆی قەیرانی گەرووی هورمز لە داتاکانی چارەکی دووەمی ساڵدا بە ڕوونی دەردەکەوێت.

مەترسییە ستراتیژییەکان و مەتەڵی “بریکس”

مەترسییە گەورەکە لە “ڕەگداکوتانی” ئەم گۆڕانکارییەدایە؛ ئەو پەیوەندییە توندوتۆڵانەی چین لەگەڵ ڕووسیا، بەرازیل و ئەنگۆلا لە چوارچێوەی بلۆکی “بریکس” کۆدەکاتەوە، ئەولەویەتێکی ئابووری و سیاسی درێژخایەن بەم وڵاتانە دەبەخشێت.

ئەگەر قەیرانەکە درێژە بکێشێت، ڕەنگە عێراق خۆی لەبەردەم بێتوانایی لە گێڕانەوەی پشکی بازاڕەکەیدا ببینێتەوە تەنانەت دوای سەقامگیربوونی بارودۆخەکەش، مەگەر پەنا بۆ سیاسەتی داشکاندنی گەورە لە نرخەکاندا ببات، کە ئەمەش بژاردەیەکە بودجەی گشتی عێراق دەخاتە ژێر فشارێکی دارایی هێندە گەورە کە ڕەنگە ببێتە هۆی زیانی جەرگبڕی ئابووریی.

 

Back to top button