پارێزگاری نوێی کەرکووک دوو دەسەڵات لە جێگرەکانی دەسەنێتەوە

 

پارێزگاری نوێی کەرکووک دوو بەش لە نووسینگەی جێگری پارێزگار جیا دەکاتەوە و دەیانگەڕێنێتەوە سەر نووسینگەی خۆی، کە تایبەتن بە موڵک و کاروباری هاووڵاتییان لەگەڵ رێپێدانی ئەمنی.

محەمەد سەمعان، پارێزگاری کەرکووک لە 23ی نیسانی 2026دا، فەرمانێکی کارگێڕی دەرکردووە و ئاراستەی چەند شوێنێکی کردووە کە یەکێکیان نووسینگەی جێگری پارێزگارە. بە گوێرەی نووسراوی بڕیارەکە، بەشی موڵک و کاروباری هاووڵاتییان لەگەڵ بەشی رێگەپێدانی ئەمنی کە پێشتر سەر بە نووسینگەی جێگری پارێزگار بوون، دەبەسترێنەوە بە نووسینگەی پارێزگار و بڕیارەکە لە رۆژی دەرچوونییەوە جێبەجێ دەکرێت.

بە گوێرەی یاسای ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە عێراق، پارێزگار بۆی هەیە هەندێک لە دەسەڵاتەکانی بداتە جێگر و یاریدەدەرەکانی.

محەمەد سەمعان لەسەر پشکی بەرەی تورکمانی لە 16ی نیسان بە پارێزگاری کەرکووک هەڵبژێردرا لە شوێنی رێبوار تەها، پارێزگاری پێشوو، کە پۆستی جێگری پارێزگاری پێدرا، بەر لە دەستبەکاربوونی پارێزگاری نوێ، ئەو دوو دەسەڵاتە لەلای جێگری پارێزگار بووە.

Back to top button