هەوڵێک هەیە بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی کوردستان و خانەنشینکردنی پەرلەمانتاران

 

دامەزراوەی پەی هۆشداری دەدات لە هەوڵێک بۆ خانەنشینکردنی پەرلەمانتارانی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان، بەبێ ئەنجامدانی هیچ کۆبوونەوەیەک.

دامەزراوەی “پەی” هۆشداری دا لە هەبوونی هەوڵێک بۆ جوڵاندنی دۆسیەی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی کوردستان دوای تێپەڕبوونی نزیکەی دوو ساڵ بەسەر پێکهێنانیدا، بە ئامانجی پێدانی ئیمتیازاتی خانەنشینی بە ئەندامەکانی، سەرەڕای ئەوەی تا ئێستا یەک کۆبوونەوەشی ئەنجام نەداوە.

ئەم ئاراستەیە بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و دواتر خانەنشینکردنی پەرلەمانتاران، پرسیاری یاسایی و سیاسی جددیی دروست دەکات، لە کاتێکدا هیچ چالاکییەکی یاسادانانی کردەیی نییە، ئەمەش نیشانەی پرسیار دەخاتە سەر یاساییبونی ئەو هەنگاوە لەحاڵەتی جێبەجێکردنی دا.

دامەزراوەی “پەی” یەکێکە لە ڕێکخراوە مەدەنییە چالاکەکان لە هەرێمی کوردستان، کە لە بواری چاودێریکردنی کاروباری گشتی و بەهێزکردنی بنەماکانی شەفافیەت و لێپرسینەوەدا کار دەکات. پەیمانگاکە بە بەردەوامی بەدواداچوون بۆ ئەدای دامەزراوە حکومی و یاسادانانەکان دەکات، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندی بە کارەکانی پەرلەمان و پڕۆسەی سیاسییەوە هەیە، هەروەها لە ڕێگەی بەیاننامە و ڕاپۆرتەکانییەوە لەسەر پرسە هەستیارەکان دەرکەوتووە، لەوانە پەککەوتنی کارەکانی پەرلەمان و ئەو ئیمتیازاتانەی بە بەرپرسان دەدرێن.

شارەزایان پێیان وایە هەر هەوڵێک بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بەبێ ئەوەی ئەرکەکانی خۆی بە کردەیی ئەنجام دابێت، ڕەنگە دەرگای تانەگرتنی یاسایی بکاتەوە، چونکە لەسەر بنەمای خزمەتێکی ڕاستەقینە نییە، ئەمەش لەگەڵ بنەماکانی دادپەروەری و وەزیفەی گشتی ناکۆکە.

2-12-2024 خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان یەکەم و دواین دانیشتنی خۆی تا ئێستا ئەنجامداوە، لەو کاتەوە بۆ ئەمڕۆ نزیکەی ساڵێک و چوار مانگە پەرلەمان کۆنەبووەتەوە، پەرلەمانتاران بە رێکەوتیش بەلای باڵەخانەی پەرلەمانی کوردستان دا نەڕۆیشتوون، تەنیا پابەندبوونی پەرلەمانتاران بە خولی شەشەمەوە وەرگرتنی مووچەکانیانە، مووچەیەک کە لەبەرامبەر “هیچ نەکردن”دا وەریدەگرن، مووچەیەک کە بە هەموو یاسا زەمینیی و ئاسمانییەکان، وەرگرتنی تێبینی لەسەرە.

 

Back to top button