لەدادگای فیدراڵیی عێراق سکاڵا لەسەر مەسرور بارزانی تۆمارکرا

 

پەرلەمانتار عودەی عەواد کازم، سەرۆکی فراکسیۆنی سادقون لە پەرلەمانی عێراق سکاڵای لەسەر مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان تۆمارکرد و سبەینێ دانیشتنی دادگای فیدراڵیی عێراق بۆ سکاڵاکە بەڕێوەدەچێت.

دادگای فیدراڵیی عێراق خشتەی کۆبوونەوەی ڕۆژی سێشەممەی بڵاوکردەوە کە تیایدا یەکەم دانیشتنی دادگا بۆ سکاڵاکەی عودەی عەواد بەڕێوەدەچێت و سکاڵاکار لە سکاڵاکەیدا دەڵێت “داواکردنی بڕیار لەسەر نادروستیی ئەو ڕێکار و مەرجانەی کە لەلایەن داوالێکراوەوە دەرچوون بۆ ڕەزامەندیدان لەسەر هەناردەکردنی نەوتی عێراق لە ڕێگەی بۆری (عێراق ـــ تورکیا) کە بە هەرێمی کوردستاندا تێپەڕ دەبێت”.

عودەی عەواد داواشیکردووە بە “دەرکردنی فەرمانێکی وەلائیی بەپەلە بۆ ڕاگرتنی ڕێکارەکانی داوالێکراو سەبارەت بە ڕەزامەندینەدان لەسەر هەناردەکردنی نەوتی عێراق لە ڕێگەی ئەو هێڵە بۆرییەی کە بە هێڵی بۆرییەکانی نەوتی عێراق-تورکیا دەگاتەوە، تا ئەو کاتەی داواکە یەکلا دەکرێتەوە.

لەکاتی جەنگی ئێران و ئەمریکا و بەهۆی ڕاوەستانی هەناردەی نەوتی عێراق لەڕێگەی گەروی هورمزەوە، عێراق داوایکرد نەوتەکەی بە بۆری نەوتی کوردستان دا هەناردە بکات، حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرەتا ڕەزامەند نەبوو، داوای لابردنی جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیکۆدای لە دەروازە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان دەکرد، بەڵام دواتر حکومەتی هەرێم بە فشاری ئەمریکا ڕازی بوو نەوتی عێراق بە بۆرییەکەیدا هەناردە بکرێت.

Back to top button