
هەنگاوەکانی دابەشکردنی پۆستەکانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق لەنێو پێکهاتەکانی (شیعە، کورد و سوننە) دەستیپێکردووە، وەزارەتی دەرەوە ململانێیەکی توندی لەسەرە و کورد مۆنیتەر وردەکارییەکەی ئاشکرادەکات.
بەگوێرەی گوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دانوستانی لایەنەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق کە بۆ کورد مۆنیتەر قسەیکرد، شیعەکان بڕیاریانداوە وەزارەتی دەرەوەی عێراق بخەنە دەرەوەی ئەو وەزارەتانەی بە خاڵ لەسەر لایەنەکان هەژمار دەکرێت، هاوکات دەیانەوێت کەسێکی تەکنۆکرات لەدەرەوەی حزبەکان ئەو پۆستە وەربگرێت.
ئەو سەرچاوەیەی قسەی بۆ کورد مۆنیتەر کرد گوتیشی: پێش هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، پارتی دیموکراتی کوردستان لە چەندین بۆنەی جیاوازدا نیازی خۆیان بۆ وەرگرتنەوەی ئەو وەزارەتە لە کابینەی نوێ نیشانداوە، هەرچەندە بەهۆی ئەوەی حزبەکە بەغدای بایکۆت کردووە، نازانن ئێستا هەمان داواکارییان دەبێت یاخود نا.
وەك ئەو گوتی: ئێستا ئەو وەزارەتە بوەتە خاڵێکی گرنگی گفتوگۆکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی، بۆیە پێدەچێت شیعەکان ئامادە نەبن سازشی لەسەر بکەن”.





