
- لەماوەی ساڵ و نیوێکدا پەرلەمانتارانی ئەم خولە زیاتر لە 10 ملیار دینار مووچەیان وەرگرتووە
- بەکۆی گشتی 14 مووچەیان وەرگرتووە لەگەڵ شوقەیەکدا
- کۆی سەعاتەکانی کارکردنیان: سفر
نزیکەی ساڵێک و نیو بەسەر سوێندخواردنی پەرلەمانتارانی کوردستاندا تێدەپەڕێت، تاوەکو ئێستا دەستەی سەرۆکایەتی و لیژنەکان پێکنەهێنراون و پەرلەمانتارانیش کەمترین دەوام دەکەن، بەڵام وەکو هەموو فەرمانبەرانی دەوڵەت مووچە وەردەگرن کە بڕەکەی حەوت ملیۆن و 400 هەزار دینارە، حزبەکان بێدەنگن بەرامبەر بەو دۆخە و پێیان وانیە زیان لە خەزێنەی دەوڵەت بدەن.
لە 02-12-2024 کاندیدانی سەرکەوتووی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان سوێندی یاساییان خوارد و بوونە پەرلەمانتار، بەڵام لەوکاتەوە، بەهۆی ناکۆکیی سیاسییەوە، دانیشتنی دیکە نەکراوە، هاوکات بەگوێرەی پەیڕەوی نێوخۆی پەرلەمانی کوردستان، کاندیدی سەرکەوتوو لەو رۆژەی سوێندی یاسایی دەخوات هەموو شایستەیەکی پەرلەمانتاریی بۆ هەژمار دەکرێت.
دیوانی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان قسەی جیاوازی هەیە و دەڵێت: مووچەی پەرلەمانتار بە یاسا جێگیر کراوە و لە هەموو دونیاشدا وایە، بۆیە پەرلەمانتارانی خولی شەشەمیش مووچە وەردەگرن، هەرچەندە دەستەی سەرۆکایەتیش هەڵنەبژێردرابێت، چونکە ئەوان ئێستا وەکو فەرمانبەرێک وان. بەڵام دیوانی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان تەفسیرێکی یاسایی نییە بۆ ئەو حاڵەتانەی ئەگەر پەرلەمانتار دەوام نەکات و مووچەش وەربگرێت.
لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، ژمارەی کورسییەکان لە 111ـەوە بۆ 100 کەمکرایەوە، ئەو 100 پەرلەمانتارە لەدوای سوێندخواردنیانەوە کە دەکاتە 17 مانگ لەمەوبەر، 14 مووچەیان وەرگرتووە، لەم خولەدا، فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان بڕیاری بایکۆتی داوە و لە سێ پەرلەمانتاری، یەکێکیان سوێندی خواردووە کە ئەویش بە دەرکراو لە فراکسیۆن هەژمار کرا.
هەروەها، لاهوور شێخ جەنگی، پەرلەمانتاری دەرچووی بەرەی گەلیش، تاوەکو ئێستا سوێندی یاسایی نەخواردووە، واتە بە گشتی، 97 پەرلەمانتار سوێندیان خواردووە.
بۆیە ئێستا هەر پەرلەمانتارێک بڕی 7 ملیۆن و 400 هەزار دینار وەردەگرێت، کە دەکاتە 1358 مووچە بۆ 14 مانگ؛ واتە لەو ماوەیەدا پەرلەمانتاران بڕی زیاتر لە 10 ملیار دیناریان وەرگرتووە. خۆ ئەگەر لیژنەکان کارا بکرێن، هەر پەرلەمانتارێک بڕی 1 ملیۆن دینار دەچێتە سەر مووچەکەی و دەبێتە 8 ملیۆن و 400 هەزار دینار.
لە خولەکانی پێشووی پەرلەماندا، هەر پەرلەمانتارێک یەکەیەکی نیشتەجێبوونی پێدەدرا، بەڵام دوای تەواوبوونی خولەکە، رادەستی دەکردەوە. لە خولی شەشەمیشدا 100 یەکەی نیشتەجێبوون بە گوێرەی ژمارەی کورسییەکان، دراوە بە فراکسیۆنە جیاوازەکان و ئەوانیش دابەشیان کردووە بەسەر ئەندامەکانیاندا.
هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان 20-10-2024 بەڕێوەچوو، پارتی دیموکراتی کوردستان زۆرترین کورسی بەدەستهێنا کە 39 کورسی بوو. دوای ئەویش یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان 23 کورسی و نەوەی نوێ 15 کورسیی بەدەستهێنا. هەروەها یەکگرتوو 7 کورسی، کۆمەڵ 3 کورسی، رەوتی هەڵوێست 4 کورسی، بەرەی گەل 2 کورسی، هاوپەیمانیی هەرێمی کوردستان 1 کورسی و گۆڕانیش 1 کورسی بەدەستهێنا.





