کورد مۆنیتەر پشکی پارتی و یەکێتی لە حکومەتی نوێی عێراق ئاشکرادەکات

 

کۆبوونەوەی ڕۆژانەی عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراوی عێراق بۆ پێکهێنانی کابینەی حکومەتەکەی لەگەڵ لایەنەکانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی و دەرەوەی چوارچێوەکەش دەستیپێکردووە، کورد مۆنیتەر بۆ یەکەمجار ئاشکرایدەکات ئەو پۆستانە کامانەن بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێشنیاز کراوە.

سەرچاوەیەکی سیاسی ئاگادار تایبەت بە کورد مۆنیتەر-ی ڕاگەیاند، هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان بە سەرۆکایەتی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی ماوەبەسەرچووی عێراق لەنێو سەرجەم لایەنە شیعەکاندا زۆرترین پۆستی وەزاریی وەردەگرێت کە پێنج وەزارەتە و یەکێک لە پۆستە باڵاکانیش جێگری سەرۆک وەزیرانە.

پەیوەست بە پۆستەکانی پارتی ئەو سەرچاوەیە گوتی: پێشنیازی پێدانی پۆستی وەزارەتی دارایی و وەزارەتی داد بۆ ئەو حزبە کراوە، بەڵام پارتی سورە لەسەر وەرگرتنی وەزارەتی دەرەوە، هەرچەندە شیعەکان دەیانەوێت ئەمجارە ئەو پۆستە ببەنە دەرەوەی دابەشکاریی حزبیی و کەسێکی تەکنۆکرات پۆستەکە وەربگرێت.

سەبارەت بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان-یش ئەو سەرچاوەیە گوتی: هەردوو وەزارەتی ڕۆشنبیریی و ژینگە بۆ یەکێتی دیاریکراوە و ئەو حزبەش ئامادەیی نیشانداوە بۆ وەرگرتنیان.

بەگوێرەی زانیارییە تایبەتەکانی کورد مۆنیتەر، بزووتنەوەی سادقوون بە سەرۆکایەتی قەیس خەزعەلی لە پۆستە جێبەجێکارییەکاندا ژمارەی پۆستەکانی زیاد دەبێت، هاوکات هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی نوری مالکی، وەزارەتی نەوت و وەزارەتێکی تری خزمەتگوزاری وەردەگرێت.

هەر بەگوتەی سەرچاوەکەی کورد مۆنیتەر، ڕێکخراوی بەدر بە سەرۆکایەتی هادی عامری، کە خاوەنی 18 کورسییە، وەزارەتی ناوخۆ وەردەگرێت، لە کاتێکدا وەزارەتی پلاندانان دەبێتە پشکی ڕەوتی حیکمە بە سەرۆکایەتی عەممار حەکیم لە چوارچێوەی هاوپەیمانی هێزەکانی دەوڵەتی نیشتمانی کە 18 کورسی بەدەستهێناوە. هەروەها وەزارەتی کارەبا بۆ حزبی”فەزیڵە” دەبێت لە چوارچێوەی پشکی هاوپەیمانەکانی ناو ماڵی شیعە، لە کاتێکدا ئەگەری هەیە وەزارەتی پەروەردە بدرێت بە هاوپەیمانی “خەدەمات” بە سەرۆکایەتی شبل زەیدی کە خاوەنی 5 کورسییە و فراکسیۆنەکەی لە کاتی گفتوگۆکاندا بۆ 9 کورسی بەرز دەبێتەوە بە هەژمارکردنی هاوپەیمانی “واستی جوانتر”.

ئەو سەرچاوە باڵایەی کورد مۆنیتەر پەیوەست بە دابەشکردنی پۆستەکانی دیکە گوتی: وەزارەتی وەرزش و لاوان دەبێتە پشکی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی بە سەرۆکایەتی هومام حەمودی، کە لە ڕێگەی هاوپەیمانی (أبشر يا عراق) بەشداری هەڵبژاردنی کرد و 4 کورسی بەدەستهێنا. سەبارەت بە بزووتنەوەی سادقوون بە سەرۆکایەتی قەیس خەزعەلی کە 27 کورسی بەدەستهێناوە، پشکەکەی بریتی دەبێت لە وەزارەتەکانی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، پیشەسازی و کانزاکان، سەرەڕای پۆستی جێگری سەرۆک وەزیران.

سەبارەت بە پشکی کوتلە سوننەکان، سەرچاوەکە گوتی: “وەزارەتی خوێندنی باڵا دەبێتە پشکی پارتی تەقەدووم (کە پۆستی سەرۆکایەتی پەرلەمانی بەدەستهێناوە) بە سەرۆکایەتی محەمەد حەلبوسی کە وەک پارتێکی سەرەکی 27 کورسی هەیە، لە کاتێکدا هاوپەیمانی عەزم بە سەرۆکایەتی موسەنا سامەڕائی، کە 15 کورسی هەیە، وەزارەتی بەرگری وەردەگرێت”.

Back to top button