
کەناڵێکی ئەمریکی لە زاری سەرچاوەیەکەوە بڵاویکردەوە، خەمڵاندنەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە تێچووی جەنگی ئێران تا ئێستا لە نێوان 40 بۆ 50 ملیار دۆلاردایە، بەڵام ئەم بڕە پارەیە تێچووی بنیاتنانەوەی دامەزراوە سەربازییەکان و قەرەبووکردنەوەی داراییەکان ناگرێتەوە.
زانیارییەکانی کەناڵی (CNN)ی ئەمریکی ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەو ژمارەیەی باس کراوە، بە پلەی یەکەم ڕەنگدانەوەی تێچووی ئۆپەراسیۆنە سەربازییە ڕاستەوخۆکانە، وەک بەکارهێنانی تەقەمەنی و سووتەمەنی، و تێچووی بەگەڕخستنی بنکەکان و هێزەکان، جگە لە بەشێک لەو بودجەیەی کە بۆ پاکێجی پاڵپشتی جەنگ تەرخانکراوە کە ئیدارەی ئەمریکا تاوتوێی دەکات.
لە بەرامبەردا، تا ئێستا خەرجییەکانی پەیوەست بە بنیاتنانەوەی ژێرخانی سەربازی ئێران، یان کاریگەرییەکانی جەنگی درێژخایەن لەسەر ئابووری ناوچەکە و بازاڕەکانی نەوت، نەخراونەتە ناو ئەم خەمڵاندنە، ئەمەش بەو مانایەیە کە تێچووی گشتی ململانێکان ئەگەر ئۆپەراسیۆنەکان بەردەوام بن و کەمپەینەکانی بنیاتنانەوە فراوانتر ببن، لە قۆناغەکانی دواتردا بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز دەبێتەوە.
لەلایەکی دیکەوە، پیت هیگسێس وەزیری بەرگری (جەنگ)ی ئەمریکا ڕایگەیاند، ئەگەری هەیە ئیدارەی وڵاتەکەی داواکارییەک بۆ کۆنگرێس بنێرێت بۆ وەرگرتنی بودجەیەکی زیادەی گەورە بۆ پێنتاگۆن، کە بۆ بەردەوامبوونی جەنگ لەگەڵ ئێران و کڕینی تەقەمەنی تەرخان دەکرێت.
هیگسێس لە کاتی دانیشتنێکی گوێگرتن لەبەردەم لیژنەی هێزە چەکدارەکانی ئەنجومەنی نوێنەران ڕوونیکردەوە، کە داواکارییە زیادەکە ئەگەر پێشکەش بکرێت، “بەشە هەرە زۆرەکەی بۆ ئێران نابێت، بەڵکو بۆ تەقەمەنی دەبێت”، ئاماژەی بەوەش کرد کە دەسەڵاتی جێبەجێکردن داوای کەمتر لە 25 ملیار دۆلار لە کۆنگرێس دەکات بۆ بەردەوامبوونی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکان دژی ئێران.
هیگسێس لە کاتی دانیشتنەکەدا گوتی: “سەبارەت بە ئێران، بڕەکە کەمتر دەبێت لە 25 ملیار دۆلار. بەڵام زۆر شتی تریش هەن کە بە گشتی داوایان دەکەین، لەوانەش تێچووی دووبارە پڕکردنەوەی کۆگاکانی چەک کە بەتاڵ بوون”.
لێدوانەکانی هیگسێس لە چوارچێوەیەکی فراوانتردایە کە تێیدا ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ داوای بودجەیەکی پێوانەیی بۆ پێنتاگۆن بە بڕی 1.5 تریلیۆن دۆلار دەکات، کە ئەمەش بە ڕێژەی 50% بەراورد بە بودجەی ساڵی ڕابردوو زیادیکردووە، هەروەها بە گەورەترین زیادبوون لە خەرجییە بەرگرییەکان دادەنرێت لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە.
جوڵز هۆرست، سەرپەرشتیاری دارایی پێنتاگۆن بە وەکالەت، ڕۆژی ڕایگەیاندووە، کە کۆی خەرجییەکانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمریکا دژی ئێران تا ئێستا گەیشتووەتە نزیکەی 25 ملیار دۆلار، ئەمەش لە خەمڵاندنێکدا کە وا دیارە زۆر کەمترە لەوەی لە ڕاستیدا خەرجکراوە.
شایەنی باسە کە بودجەی 1.5 تریلیۆن دۆلارییەکە تێچووی جەنگ لەگەڵ ئێران ناگرێتەوە، چونکە ئیدارەی ئەمریکا بە جیا هەوڵی بەدەستهێنانی بودجەیەکی زیادە دەدات کە زیاترە لە 200 ملیار دۆلار.





