سەرچاوەیەکی باڵای پارتی: داوای وەزارەتی دەرەوەمان کردووە بەڵام شیعەکان وەزارەتی پلاندانانیان بۆ دیاریکردوین

 

هەفتەی داهاتوو عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراوی عێراق سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات، لە هەولێر لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان و لە سلێمانی لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆدەبێتەوە، ئامانج لە سەردانەکەی باسکردنە لە پشکی ئەو دوو حزبە لە حکومەتی نوێی عێراق.

سەرچاوەیەکی باڵای نێو پارتی دیموکراتی کوردستان بە کورد مۆنیتەر-ی ڕاگەیاند، حزبەکەی دەیەوێت لە کابینەی داهاتووی حکومەتی عێراق وەزارەتی دەرەوە وەربگرێتەوە، بەڵام شیعەکان دەیانەوێت ئەو پۆستە بدرێتە پێکهاتەی عەرەب، گوتیشی: نا ڕاستەوخۆ بە ئێمەیان گوتووە وەزارەتی پلاندانانمان بۆ ئێوە دیاریکردووە.

سەبارەت بە ئەگەری وەرگرتنی پۆستە سیادییەکانی دیکەی وەک دارایی یان نەوت ئەو سەرچاوەیەی پارتی گوتی: وەزارەتی نەوت لەلایەن هاوپەیمانی دەوڵەتی یاساوە داواکراوە، پۆستی وەزارەتی دارایش لەلایەن هاوپەیمانێتیەکەی محەمەد شیاع سودانیەوە داواکراوە”.

لەبارەی هەڵوێستی پارتی لە حاڵەتی پێداگریی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ پێدانی پۆستی وەزارەتی پلاندانان بە پارتی ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەکرد، تا هەفتەی داهاتوو لە عەلی زەیدی سەردانی هەولێر دەکات، حزبەکەی هەڵوێستی خۆی ڕاناگەیەنێت، ئەگەر پۆستەکان بەرامبەر نەبوون بە دەنگ و سەنگی پارتی بە دڵنیاییەوە کاردانەوەمان دەبێت.

Back to top button