ئێران بە فێڵێک و بەناوی عێراقەوە بە بەهای 800 ملیۆن دۆلار نەوتی فرۆشتووە

 

ئێران بە پلانێکی تۆکمە و نهێنی نەوتی وڵاتەکەی لەم کاتەدا کە گەمارۆ لەسەر گەرووی هورمز هەیە، بە بڕی 800 ملیۆن دۆلار فرۆشتووە، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە، لەم کارەدا عێراقی تێوەگلاندووە.

کۆمپانیای (Windward AI) ڕایگەیاند کەشتییەکانی نەوت نامەی شوێنی ساختە بۆ بەندەرە عێراقییەکان دەنێرن، لە کاتێکدا بە نهێنی بەرەو ئێران دەڕۆن.

کەناڵی فۆکس نیوز-ی ئەمریکی بڵاویکردەوە، بەپێی زانیارییە هەواڵگرییە دەریاییەکان، کەشتییە سزادراوەکان کە خۆیان وەک کەشتی عێراقی دەگۆڕن، بەبەهای سەدان ملیۆن دۆلار نەوتی خاوی ئێران دەگوازنەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ گەمارۆی سەر بەندەرەکانی توندتر کردووەتەوە بۆ وشککردنی سەرچاوە داراییە نەوتییەکانی تاران.

کۆمپانیای (Windward AI) ڕۆژی چوارشەممە ئاشکرایکرد، گروپێک لە کەشتییە سزادراوەکان، داتاکانی شوێنی خۆیان ساختە دەکەن بۆ ئەوەی وا دەربکەون کە لە کەناراوەکانی عێراق لەنگەریان گرتووە، لە کاتێکدا بە نهێنی لە بەندەرەکانی ئێراندا نەوتی ئەو وڵاتە بار دەکەن.

کۆمپانیاکە گوتویەتی: “لە نێو ئەو تانکەرانەی کە شوێنی خۆیان لەو ناوچەیەدا ساختە دەکەن و لەلایەن ویندۆواردەوە ناسراونەتەوە، چوار کەشتی گەورەی گواستنەوەی نەوتی خاو هەن بە ناوەکانی: ئالیسیا، ئاڕ ئەیچ ئێن، ستار فۆڕێست و ئاکوا، کە ئاڵای جۆراوجۆر بەکاردەهێنن، لەوانە تۆمارکردنی ساختەی وڵاتانی وەک کوراساو و مالاوی.

ویندۆوارد گوتیشی: “هەر یەکێک لەم چوار کەشتییە دەتوانێت نزیکەی 2 ملیۆن بەرمیل نەوت هەڵبگرێت، بۆیە چوار دانەیان 8 ملیۆن بەرمیل دەگرن کە بەهای نزیکەی 800 ملیۆن دۆلارە، ئەگەر نرخی هەر بەرمیلێک بە 100 دۆلار هەژمار بکرێت.

ئەمە لە کاتێکدایە کە ترەمپ ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند، بەردەوام دەبێت لە گەمارۆی دەریایی سەر ئێران تا ئەو کاتەی تاران ڕازی دەبێت بە ڕێککەوتنێک کە نیگەرانییەکانی ئەمریکا سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی بڕەوێنێتەوە. ئیدارەی ئەمریکا داوای کردووە ئێران بەرنامەی پیتاندنی یۆرانیۆم هەڵبوەشێنێتەوە، لە کاتێکدا تاران پێداگری دەکات لەسەر ئەوەی پیتاندن مافێکی سەروەرییە و جێگەی گفتوگۆ نییە، ئەمەش مەودایەکی کەمی بۆ سازشکردن هێشتووەتەوە.

کۆمپانیای (Windward AI) ئاماژەی بە “کۆمەڵە” کەشتییەکی سزادراو کرد کە شوێنەکانیان ساختە دەکەن و لە ڕۆژئاوای گەرووی هورمز بینراون. ویندۆوارد ڕوونیکردەوە: “ژمارەیەک کە پێکهاتبوون لە 10 کەشتیی سزادراو کە مامەڵە لەگەڵ ئێران دەکەن، ئێستا شوێنی سیستەمی (AIS)ی خۆیان ساختە دەکەن بۆ ئەوەی بە درۆ وا دەربکەون کە لە شوێنەکانی لەنگەرگرتن لە کەناراوەکانی بەسرەی عێراقن، ئەمەش لە کاتێکدایە کە گەمارۆکان بەردەوامن لە سنووردارکردنی بەندەرە ئێرانییەکان.

ئەو کۆمپانیا هەواڵگرییە دەڵێت: “ئەو کەشتیانەی لەلایەن ویندۆواردەوە ناسراونەتەوە، ئاماژەکانیان دەستکاری دەکەن بۆ ئەوەی پاساوێکی دیجیتاڵی دروست بکەن. بە ناردنی نامەی ساختەی شوێنی مەبەست بۆ بەندەرە عێراقییەکان، تانکەرەکان وا دەردەکەون کە لە ئاوەکانی عێراقدان، لە کاتێکدا بە نهێنی بەرەو ئێران دەڕۆن بۆ بارکردنی نەوتە سزادراوەکە. کاتێک بارەکە تەواو دەبێت، کەشتییەکان دووبارە لەسەر سیستەمی (AIS) دەردەکەونەوە بۆ ئەوەی وا نیشان بدەن کە سەرچاوەی بارەکە بە شێوەیەکی یاسایی عێراقە.

ویندۆوارد ڕایگەیاند کە تا ڕۆژی چوارشەممە، زیاتر لە دوو کەشتیی لە ڕۆژئاوای هورمز گەمارۆدراون، ئەمەش وایکردووە بارکردنی نەوتی ئێران و هەناردەکردنی بۆ زیاتر لە نیوە کەمبێتەوە. کۆمپانیاکە گوتی: “ئەم کارە چەواشەکارانەیە لەژێر چاودێرییەکی تونددایە، چونکە ئەم کەشتیانە بەشێکن لە گروپێکی گەورەتری زیاتر کە ئێستا لە ڕۆژئاوای هورمز ڕاگیراون. تانکەری (Paola) و تانکەری (Adena) هەردووکیان ئاماژەی ‘خاوەنی عێراقی’ دەدەن بەڵام پەیوەندییان بە تۆڕێکی سزادراوەوە هەیە.

 

Back to top button