
بەهۆی کاریگەرییەکانی جەنگ و دۆخی چەقبەستووی ناوچەکەوە، نرخی یەکەکانی نیشتەجێبوون وەکو خانوو و شوقە لە شارەکانی باشووری کوردستان دابەزیون. کڕیاران و فرۆشیارانی خانووبەرە لە شارەکانی هەولێر، سلێمانی و کەرکووک یەکدەنگن لەسەر ئەوەی، کاریگەرییەکانی جەنگ بووە بەهۆکاری لاوازبوونی کەرتی خانووبەرە لە شارەکاندا.
پڕۆژەی نیشتەجێبوون لە سلێمانی هەیە شوقەیەکی بە زیاتر لە 130 هەزار دۆلار (13 دەفتەر) فرۆشتووە ئێستا 70 هەزار دۆلار (7دەفتەر) دەکات. فرۆشیارێکی خانووبەرە لە هەولێریش دەڵێ، “هەندێک شوێن شوقەیەکی 40 هەزار دۆلاری دابەزیوە بۆ 35 هەزار دۆلار”.
کاسبکارێک لە هەولێر دەڵێ، بەهۆی دۆخی ناوچەکەوە کڕین و فرۆشتن سنوورداربووە و نرخ دابەزیوە، بەڵام کاسبکارێکی دیکەی هەمان بوار دەڵێت، “لە جێگەی باشدا هیچ نرخێک دانەبەزیوە و بەرزیش بووەتەوە”.
رابەر وەرتی، خاوەنی (کۆمپانیای عەقاراتی رابەر وەرتی) لە شاری هەولێر بە کورد مۆنیتەر-ی ڕاگەیاند: “بە کاریگەری جەنگی کەمێک کڕین و فرۆشتن کەم بووەتەوە لە هەندێک شوێن، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە نرخ دابەزیبێ”. رابەر وەرتی 22 ساڵە لە کەرتی خانووبەرەدا کار دەکات و دەڵێت: “لە دۆخێکدا کە جەنگە یان بازاڕ لاواز دەبێ، خەڵک خۆشی موڵکەکەی نافرۆشێ و چاوەڕێی هێوربوونەوەی دۆخەکە دەکات”.
رابەر وەرتی داواکارییەک ئاڕاستەی هاووڵاتیان دەکات و دەڵێت: “بۆ ئەوەی زیان نەکەن زۆر گرنگە بزانە لە کوێ و لای کێ موڵک دەکڕن، چونکە لە شوێنی شیاو موڵک بکڕین ئەستەمە زیانی لێ بکەن”.
بە گوتەی رابەر وەرتی، “ئەوانەی موڵکەکانیان بە نرخی هەرزان دەفرۆشن ئەوانەن پێویستیان بە پارەیە، یان بەڵێندەرن و کاریان وەستاوە و پارەی کاشیان نییە و ناچارن بیفرۆشن، بەڵام کەسێکی ئاسایی پێویستی بە پارە نییە بەهیچ شێوەیەک یەکەکەی نافرۆشێ بە نرخی کەمتر لە نرخی خۆی”.
شارەزایان دەشڵێن: کەسێک زۆر پێویستی بەپارە بێ و یەکەکەی بە هەرزان بفرۆشێت دەفرۆشرێ، دەنا بازاڕەکە ناسەقامگیرە و زۆرینەی کڕین و فرۆشتن وەستاوە، پێش جەنگ شوقە فرۆشراوە بۆ نموونە بە 40 هەزار دۆلار (4 دەفتەر) ئێستا 5 هەزار دۆلار، (50 وەرەقە) کەمتر دەکات، بەڵام لە هەندێک شوێنی زۆر باش هێشتا نرخ دانەزیوە”.
بەگشتی نرخی شوقە، خانوو، ڤێلا و زەوی بەگوێرەی نرخی خۆی دابەزیوە، ئەویش بە کاریگەریی جەنگ لە ناوچەکە و پێکنەهێنانی حکومەتی نوێ لە هەرێمی کوردستان، ئەوانە بوون بە هۆکاری دڵنیانەبوونی خەڵک لە کڕین و فرۆشتن و کاریگەریی زۆر خراپی لەسەر کەرتی عەقارات بووە، کە لە ئابووریدا دوای نەوت بە دووەم بەهێزترین کەرت دادەنرێ.
لە گەڕەکە کۆنەکان نرخی خانوو زۆر دابەزیوە، خانوویەکی نوێ لەو گەڕەکانە ئەگەر پێش جەنگ 150 هەزار دۆلار (15 دەفتەری) کردبێ ئێستا 130 هەزار دۆلار زیاتر ناکات.
لە سلێمانی جیا لەوەی بازاڕی کڕین و فرۆشتن و کەم بووەتەوە، وەکو کاسبکارانی بوارەکە باسی دەکەن، نرخەکەش “زۆر دابەزیوە”.
کاریگەرییەکانی جەنگ لە ناوچەکە و پێکنەهێنانی حکومەتی نوێ و دۆخی چەقبەستووی هەرێمی کوردستان بوونەتە هۆکاری لاوازبوونی کڕین و فرۆشتنی موڵک لە سلێمانی و دەوروبەری. نرخەکان زۆر دابەزیون و کڕیار کەمن، شوقە لە شەقامی شەشت مەتری بەڵام چەند ساڵێکە دروستکراوە بە 13 دەفتەر و 60 وەرەقە بووە، ئێستا حەوت دەفتەر زیاتر ناکات”.
هەر لە سلێمانی پڕۆژەی شوقە هەیە نوێیە و تەواو کراوە کڕیاری زیاتری هەیە، بەڵام ئەویش نرخی دابەزیوە، لە کۆی پارەکەیدا 10 بۆ 15 هەزار دۆلار لە نرخی دابەزیوە.





