
نەبیل مەرسومی، شارەزای ئابووریی گەیشتنی بارێکی نوێی دۆلاری کاشی بۆ بەغدا پشتڕاستکردەوە، ئەمەش لە چوارچێوەی ئەوەی کە وەک پاڵپشتییەکی ئەمریکا پەیوەست بە قۆناغی داهاتو و پێکهێنانی حکومەت وەسفی کرد.
مەرسومی لە نووسینێکیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە “عێراق مانگانە نزیکەی ملیارێک دۆلار وەردەگرێت، کە بەسەر دوو باری کاشدا دابەش دەکرێت”، هەروەها ڕایگەیاند کە ئەو بارەی دوێنێ گەیشتووە، لە چوارچێوەی ئەم پرۆسە داراییە بەردەوامەدایە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، “گەیشتنی ئەم نەختینەیەی دۆلار دەبێتە هۆی باشتربوونی نرخی ئاڵوگۆڕی دیناری عێراقی لە ماوەی هەفتەی داهاتوودا”.
خستنەڕووی دۆلار لە بازاڕەکاندا سەقامگیریی نەختینە بەهێز دەکات و ڕێگری لە گۆڕانکارییەکانی نرخی ئاڵوگۆڕ بەرامبەر بە دیناری عێراقی دەگرێت، بەتایبەت لەگەڵ بەرزبوونەوەی داواکاری لەسەر دراوی بیانی لەم دواییانەدا.
مانگی نیسانی ڕابردوودا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ناردنی بارە دۆلارەکانی بۆ بەغدا ڕاگرت، ئەمەش بەهۆی ئەوەی ڕاپۆرتە ئەمریکییەکان لەو کاتەدا وەک پەرەسەندنی هێرشی میلیشیاکانی ئێران بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا وەسفیان کردبوو.





