
جوڵانەوەی نەوەی نوێ داوای لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کردووە، لەو پشکانەی لە حکومەتی نوێی عێراق وەریدەگرێت، پۆست بداتە جوڵانەوەکە.
سەرچاوەیەکی باڵای یەکێتی بە کورد مۆنیتەر-ی ڕاگەیاند، نەوەی نوێ داوای پۆست لە یەکێتی دەکات لە حکومەتی نوێی عێراقدا، بەڵام داواکارییەکە لە وەرگرتنی پۆستێکە لە بەرکەوتەی یەکێتی لەنێو ئەو حکومەتەدا.
وەک ئەو سەرچاوەیەی یەکێتی گوتی: ئێمە بە 21 کورسییەوە (18 کورسی یەکێتی و سێ کورسی نەوەی نوێ) لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراو دانوستان دەکەین، چاومان لە وەرگرتنی سێ پۆستی وزارییە، لەنێو ئەو سێ پۆستەدا یەکێکی دەدەینە نەوەی نوێ.
بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی کورد مۆنیتەر، وەرگرتنی وەزارەت بەپێی یاسا لە عێراق لە هەشت کورسیەوە دەستپێدەکات، واتا هەر هێزێک هەشت کورسی هەبێت و بەشداریی حکومەت بکات یەک وەزارەت وەردەگرێت، بەڵام کورسیەکانی یەکێتی و نەوەی نوێ تەنها بۆ دوو وەزارەت دەبێت، بۆیە هێشتا دیار نیە لەو دوو وەزارەتەی یەکێتی وەریدەگرێت، یەکێکیان دەداتە نەوەی نوێ یاخود نا.





