عەلی زەیدی پێشنیازی پێدانی سێ پۆستی باڵای بۆ پارتی کردووە

 

لە سەردانەکەی بۆ هەولێر عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراوی عێراق داوای لەپارتی دیموکراتی کوردستان کردووە، ئەم هەفتەیە هەم فراکسیۆنەکەیان، هەم پەرلەمانتارەکانیان بگەڕێنەوە بەغدا، پارتیش بەڵێنی گەڕانەوەی داوە.

بەگوێرەی وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار بۆ کورد مۆنیتەر، عەلی زەیدی پێشنیازی پێدانی سێ پۆستی باڵای بە پارتی کردووە پۆستەکانیش: جێگری سەرۆک وەزیران، وەزارەتێکی سیادی و وەزارەتێکی خزمەتگوزارییە.

ئەو سەرچاوەیەی کورد مۆنیتەر باسی لەوەشکرد، جێگری سەرۆک وەزیران پۆستێکی نوێیە و زیاد دەکرێت، سیادییەکەش وەزارەتی دەرەوەیە و خزمەتگوزارییەکەش وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە، هەر وەک ئەوەی پارتی لە حکومەتەکەی سودانی دا هەیبوو.

ئەو سەرچاوە باڵایەی کورد مۆنیتەر ئەوەشی ئاشکراکرد، پارتی گرفتی لەگەڵ پۆستەباڵاکان نیە، چونکە دەزانێت بە بەشداریکردنی لە حکومەت دەتوانێت وەریان بگرێت، بەڵکو پارتی بە زەیدی گوتوە، دەیانەوێت هەندێک لەو پۆستانەی تا پێش شەڕی داعشهەبوون، بگەڕێنەوە ژێر دەستی کورد، بە دیاریکراویش نمونەی پۆستی سوپاسالاری عێراقیان باسکردووە و گوتویانە، لە دوای ڕوخانی سەدامەوە ئەو پۆستە لای کورد بووە تا شەڕی داعش، بەڵام لەو کاتەوە لە کورد وەرگیراوەتەوە.

 

Back to top button