حزبەکانی هەرێمی کوردستان 32 داواکارییان لە عەلی زەیدی هەبووە

 

لە یەک ڕۆژدا عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراوی عێراق سەردانی هەولێر و سلێمانی کرد، لەهەردوو شارەکە لەگەڵ شەش حزبی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە، بە هەموویان 32 داواکارییان لە عەلی زەیدی هەبووە.

لە یەکەم وێستگەی سەردانەکەیدا بۆ هەولێر، عەلی زەیدی ڕۆژی شەممە بەجیا لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبوەوە، سەرچاوەیەکی باڵای نێو پارتی بۆ کورد مۆنیتەر ئاشکرایکرد، پارتی ژمارەیەک داواکاریی لە عەلی زەیدی هەبووە، دیارترینیان: پەلەکردن لە تێپەڕاندنی یاسای نەوت و گاز، دابەشکردنی دادپەروەرانەی داهاتی نەوتی و نانەوتی عێراق، گەرەنتیکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لەبودجەی عێراق بەبێ لێبڕین، هەروەها ناردنی مووچەی فەرمانبەران بەبێ دواکەوتن.

وەک ئەو سەرچاوەیە گوتی پارتی داوایکردووە، ماددەی 140ی پەیوەست بە ناوچە کێشەلەسەرەکان یەکلایی بکرێتەوە، هەروەها یاسای هەڵبژاردن هەموار بکرێتەوە، جگە لەوە چەک لە دەستی دەوڵەت بێت و لێپێچینەوەش لەو گروپە چەکدارانە بکرێت کە هێرشی بەردەوام دەکەنەسەر هەرێمی کوردستان.

دوای هەولێر، عەلی زەیدی لە سلێمانی لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و شاندی ئەو حزبە کۆبوەوە، وەک لە ڕاگەیەنراوی کۆبوونەوەکەدا هاتووە، بافڵ تاڵەبانی ئەم داواکارییانەی لە زەیدی هەبووە: ژیانێکی شایستە بۆ هاوڵاتییان دابینبکات، ئاڵنگارییە ئابووری و ئەمنییەکان تێبپەڕێنێت و مافی تەواوی گەلانی عیراق و بە تایبەتی گەلی کورد بەگوێرەی دەستوور بپارێزێت.

دواتر سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراو لەگەڵ نەوەی نوێ کۆبوەوە، وەك لەڕاگەیەنراوی کۆبوونەوەکەدا هاتووە، شاسوار عەبدولواحید داوایکردووە ” ئەولەویەتى کارەکانى چارەسەرکردنى کێشەى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێم بێت”.

ڕەوتی هەڵوێست، کۆمەڵی دادگەریی و یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان ئەو سێ لایەنە بوون کە عەلی زەیدی هەرسێکیان پێکەوە بینی، بەڵام کۆبوونەوەکەی بە ژمارەیەک داواکاریی زۆر تەواو کرد، وەک عەلی حەمەساڵح، بڕیاردەری ڕەوتی هەڵوێست بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: 20 داواکاریمان ئاراستەی عەلی زەیدی کردووە، کە سەرجەمیان پەیوەستن بە ژیان و گوزەرانی خەڵکی کوردستانەوە.

Back to top button