
حکومەتەکان دێن و دەڕۆن… هاوپەیمانێتییەکان دروست دەبن و هەڵدەوەشێنەوە… هەمووان پێیان وایە یارییەکە لەناو پەرلەمان یان کۆشکی حکومەت یانیش سەرمێزى ئیتارى تەنسیقە… بەڵام ڕاستییەکە شتێکی ترە.
ئەوەی لە پشتی پەردەوە یارییەکە دەبات بەڕێوە، نە سەرۆک وەزیرانە و نە سەرکردەی هیچ حیزبێک، بەڵکو پیاوێکە کە بە ڕووخسارێکی هێمن و سارد بە پێستێکی گەنمڕەنگى قژێکی کورت و ماش و برنجى و قەد و باڵایەکى رێک، دەردەکەوێت و چاوێکی تیژى هەیە کە هەرگیز هەستی ناوەوەی ئاشکرا ناکات لە ڕواڵەتدا پیاوی یاسایە، بەڵام لە واقیعدا، ئەندازیاری سەرەکیی تەواوی گۆڕانکارییە سیاسییەکانی عێراقە. هەر بڕیارێکی چارەنووسساز، هەر دوورخستنەوەیەکی سیاسی، و هەر گۆڕانکارییەک لە نەخشەی دەسەڵات… جێ پەنجەی ئەوی پێوەیە.
ئەو کەسە ‘فایەق زێدانى سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراقە، کارەکتەرێک جیاواز لە هەمووان، لە کاتێکدا سیاسییەکان لەسەر شاشەکان شەڕ دەکەن، ئەو بە یەک واژۆ ئاراستەی باکە دەگۆڕێت
پێتان وایە موبالەغەیە؟، بەڵام ئەمە راستەقسنەیە، لە کاتێکدا حیزبە گەورەکان بە مانگ و ساڵ نەیاندەتوانی رکابەرەکانیان بشکێنن، زێدان بە یەک دانیشتن و بە یەک واژۆ لەسەر وەرەقەیەک، ‘محەمەد حەلبوسی’، بەهێزترین سەرکردەی سووننە و سەرۆکی پەرلەمانی لە کارەکەی دوورخستەوە. بێ تەقاندنی یەک فیشەک.
هەر ئەوە کە بە تەفسیری ‘گەورەترین کوتلە’ ڕەوتی سەدری ناچار بە کشانەوە کرد، وە هەر چەکووشەکەی ئەوە کە نەخشەی هەڵبژاردن و ئابووریی هەرێمی کوردستانیش بەپێی ویستی نوێ دادەڕێژێتەوە.
لە عێراقی ئەمڕۆدا، سەرۆک وەزیرانەکان کارگوزارن و پەرلەمانتارەکان تەنها ئەکتەرن… بەڵام دەرهێنەری ڕاستەقینە، ئەو پیاوە بێدەنگەیە کە لە پشتی مێزەکەیەوە دانیشتووە…پیاوێک کە بووەتە حاکمى رەهاى بێ تاج و تەختى عێراق.





