یەکێتی دەست لە بەشێک لە پۆستەکانی بەغدا هەڵدەگرێت بۆ لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان

 

عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراوی عێراق نزیکبووەتەوە لە پێکهێنانی حکومەتەکەی، تا رادەیەکی زۆر لایەنەکان لەسەر ژمارەی وەزارەت و جۆری وەزارەتەکانیش رێککەوتوون، لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی هەرێمی کوردستانیش بەشداریی لە حکومەتەکەی زەیدی دەکەن، بەڵام بەهۆی کەمیی کورسییەوە ناتوانن وەزارەت وەربگرن، بۆیە پێدەچێت یەکێتی لە پشکی خۆی وەزارەتێکیان پێبدات.

رۆژی 2ـى ئایار، عەلی زەیدی لەگەڵ سەرجەم ئەو لایەنە کوردییانەدا کۆبووەوە کە خاوەنی کورسین لە پەرلەمانی عێراق، دوای کۆتاییهاتنی کۆبونەوەکانی گوتی: هەموو حزبە کوردییەکان بەشداری حکومەت دەکەن و پشتیوانی حکومەتی نوێی عێراق دەبن.

بەپێی زانیارییەکانی کورد مۆنیتەر، پارتی دیموکراتی کوردستان دوو وەزارەت و جێگرێکی سەرۆک وەزیرانی عێراقی بەردەکەوێت و یەکێتی نیشتمانی کوردستان دوو وەزارەتی بەردەکەوێت، بەڵام لایەنەکانی تر ناتوانن وەزارەت وەربگرن بەپێی بەرکەوتەی هەڵبژاردن.

کوردمۆنیتەر زانیوتی، یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەست لە وەزارەتێکی خۆی هەڵدەگرێت بۆ ئەو لایەنانە، بەڵام تائێستا روون نەبووەتەوە ئەو وەزارەتە دەدرێت بە رەوتی هەڵوێست یان نەوەی نوێ.

بەپێی زانیارییەکان، رەوتی هەڵوێست خۆی یەکلایی کردووەتەوە کە بەشداری حکومەتی عێراق بکات، دوو پەرلەمانتاری رەوتەکە لە بەغدا بەبێ گەڕانەوە بۆ بڕیاری رەوتی هەڵوێست دەستیان بە جوڵەکردووە بۆ وەرگرتنی پۆست لە حکومەتی نوێی عێراق، وەك سەرچاوەیەکی ئاگادار بە کوردمۆنیتەر-ی ڕاگەیاند، ڕەوتی هەڵوێست چاوی لە پۆستێکی باڵای یەکێتیە لە وەزارەتی نەوتی عێراق کە بریکاری وەزیری نەوتە.

نەوەی نوێ بە فەرمی داوای لە یەکێتی کردووە، لەوپۆستانەی لە بەغدا وەریدەگرێت، دەبێت پشکی هەبێت، ئەوەش لەبەر ڕۆشنایی ئەو رێککەوتنە سیاسییەی لە نێوان هەردوولایاندا ئەنجامدراوە.

 

Back to top button