ترەمپ: ئەو سەردەمە بەسەرچوو عێراق ڕۆڵی ناوبژیوان ببینێت

 

ماریا مەعلوف، ڕۆژنامەوانی لوبنانی چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە مارا لا گۆ، شوێنی نیشتەجێبوونی ترەمپ لە فلۆریدا ئەنجامداوە، ترەمپ لەبارەی عێراق، لوبنان و ئێرانەوە قسەی نوێی بۆ ماریا کردووە.

ماریا مەعلوف پوختەی چاوپێکەوتنەکەی لەگەڵ ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاوکردوەتەوە کە تێیدا ترەمپ لەبارەی عێراقەوە دەڵێت “عێراق، کە زۆرجار وەک دۆسیەیەکی لاوەکی مامەڵەی لەگەڵ کراوە، لە ڕاستیدا لە چەق و سەنتەری ئەم ستراتیژییەدایە”.

بەگوتەی ماریا مەعلوف، واشنتۆن لە نزیکەوە چاودێریی عەلی زەیدی دەکات، بەڵام پشتیوانییەکی بێ مەرجی پێشکەش ناکات.

ترەمپ بەو ڕۆژنامەوانە لوبنانیەی گوتووە: چیتر عێراقێکی ناوێت رۆڵی ناوبژیوان ببینێت، ئێستا عێراق وەک “گۆڕەپانی بڕیار” پێناسە دەکرێتەوە. کەمکردنەوەی هەژموونی میلیشیاکان و هەڵوەشاندنەوەیان، گەڕاندنەوەی متمانە بۆ دامەزراوەکان و بەستنەوەی پەیوەندییە ئابوورییەکان بە پاراستنی سەروەری، چیتر ئارەزوومەندانە نین، بەڵکو بڕیارن.

دیدی ترەمپ بۆ عێراق بە گوتەی ماریا ڕوون بووە کە بریتی بووە لەوەی: دەوڵەت یان نادەوڵەت. هاوپەیمانی یان گۆشەگیریی، بڕیار یان دەرئەنجام.

هاوکات باسی لەوەشکردووە “ئەوەی لە مارا لا گۆ بیستم و ئەوەی لە لێدوانەکانی ئەم دواییەدا دەرکەوت، ئەوەیە کە قۆناغی داهاتوو “ئیدارەدانی” ئەو سەرگەردانییە نابێت کە دروستبووە، بەڵکو دەربارەی “کۆتاییهێنان” بە سەرگەردانیەکە دەبێت. ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناچێتە ناو خولێکی تری گرژییەوە، بەڵکو دەچێتە ناو ساتەوەختی بڕیاردان.

Back to top button