سوپای ئەمریکا بە 100 فڕۆکە و 15 هەزار سەربازەوە بەشداریی لە گەورەترین ئۆپەراسیۆن لە گەرووی هورمز دەکات

 

سوپای ئەمریکا ڕایگەیاند کە دەست دەکات بە پشتگیریکردنی ئەو ئۆپەراسیۆنەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە گەرووی هورمز ڕایگەیاندووە، ئەمەش بە هێزێک کە زیاتر لە 100 فڕۆکە و هەزاران سەرباز لەخۆدەگرێت.

فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاند، هێزەکانی ئەمریکا ڕۆژی دووشەممە دەست دەکەن بە پشتگیریکردنی “پڕۆژەی ئازادی” کە ترەمپ بەیانی هەمان ڕۆژ ڕایگەیاند، بە ئامانجی “گەڕاندنەوەی ئازادی هاتوچۆی دەریایی بۆ کەشتییە بازرگانییەکان لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە”.

سێنتکۆم دەڵێت: “ئەم ئەرکە کە سەرۆک فەرمانی پێکردووە، پشتگیری ئەو کەشتییە بازرگانییانە دەکات کە دەیانەوێت بە ئازادی لەم ڕێڕەوە بازرگانییە نێودەوڵەتییە گرنگەدا تێپەڕ بن”.

لە بەیاننامەکەدا لە زاری براد کووپەر، فەرماندەی سێنتکۆمەوە هاتووە: “پشتیوانیکردنمان بۆ ئەم ئەرکە بەرگرییە پێویستە بۆ ئاسایشی ناوچەکە و ئابووری جیهان، لە هەمان کاتدا بەردەوام دەبین لەو گەمارۆ دەریاییەی کە واشنتۆن چەند هەفتەیەکە بەسەر بەندەرەکانی ئێراندا سەپاندوویەتی”.

بەیاننامەکەی “سێنتکۆم” ئاماژەی بەوە کردووە کە “وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی جەنگ، دەستپێشخەرییەکی نوێی بۆ بەهێزکردنی هەماهەنگی و ئاڵوگۆڕی زانیاری لە نێوان هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان بۆ پشتگیریکردنی ئاسایشی دەریایی لە گەرووەکەدا ڕاگەیاندووە”.

هەروەها باس لەوە کراوە کە “هاوپەیمانی ئازادی دەریایی ئامانجیەتی کاری دیپلۆماسی و هەماهەنگی سەربازی تێکەڵ بکات، کە ئەمەش لە کاتی پڕۆژەی ئازادیدا زۆر گرنگە”.

سێنتکۆم دەشڵێت: “پشتیوانی سەربازی ئەمریکا بۆ پڕۆژەی ئازادی بریتی دەبێت لە کەشتی تێکشکێنەری موشەکی ئاراستەکراو، زیاتر لە 100 فڕۆکەی وشکانی و دەریایی، چەندین سەکۆی بێفڕۆکەوانی، 15 هەزار کارمەندی سەربازی”.

پێشتر ترەمپ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی ئەمریکی بۆ “ڕزگارکردنی ئەو کەشتیانەی لە گەرووی هورمز گیریان خواردووە” ڕاگەیاند، لە هەمان کاتدا پەیامێکی هۆشداری ئاراستەی ڕژێمی ئێران کرد لە هەر ئەگەرێکی ڕێگریکردن لەو ئۆپەراسیۆنە.

ترەمپ لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی “تروس سۆشیاڵ” ڕایگەیاند، ئۆپەراسیۆنەکە بەیانی ڕۆژی دووشەممە بە کاتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستپێدەکات.

ترەمپ نووسیویەتی: “وڵاتانی جیاواز لە سەرانسەری جیهانەوە، کە زۆربەیان تێوەنەگلاون لەو ململانێ و توندوتیژەییەی کە ئێستا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەبەرچاوی هەمووان بەڕێوەدەچێت، داوای یارمەتییان لە ویلایەتە یەکگرتووەکان کردووە بۆ ڕزگارکردنی کەشتییەکانیان کە لە گەرووی هورمز گیریان خواردووە، دۆخێک کە هیچ پەیوەندییەکی بەوانەوە نییە، چونکە ئەوان تەنها وڵاتی بێلایەن و بێتاوانن”.

دەشڵێت: “لە پێناو بەرژەوەندی ئێران و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ویلایەتە یەکگرتووەکان، بەم وڵاتانەمان ڕاگەیاندووە کە ئێمە بە سەلامەتی ڕێنمایی کەشتییەکانیان دەکەین بۆ چوونە دەرەوە لەم ڕێڕەوە ئاوییە قەدەغەکراوانە، بۆ ئەوەی بتوانن بە ئازادی و کارایی بەردەوام بن لە کارەکانیان”.

لە یەکەم کاردانەوەی ئێراندا بەرامبەر ئەم هەنگاوە، ئیبراهیم عەزیزی، سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوە لە ئەنجومەنی شوورا ڕایگەیاند، “هەر دەستوەردانێکی ئەمریکا لە سیستەمی دەریایی نوێی گەرووی هورمز وەک پێشێلکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەست هەژمار دەکرێت”.

 

Back to top button