نێچیرڤان بارزانی بۆ ڕێگریکردن لە دروستکردنی وەزارەتێکی نوێ دەچێتە بەغدا

 

لە دوای سەردانەکەی سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراوی عێراق بۆ هەولێر و سلێمانی، پرسیار دەربارەی ئەو ڕێککەوتنانە دەکرێت کە سەبارەت بە وەزارەتەکان ئەنجامدراون، بەتایبەت لەگەڵ هەبوونی زانیارییەک کە باس لە گۆڕینەوەی وەزارەتی دەرەوە دەکات (کە پارتی دیموکراتی کوردستان لایەتی) بەرامبەر بەوەرگرتنی وەزارەتی دارایی.

ئەمڕۆ دووشەممە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی شاری بەغدا دەکات و لەگەڵ هێزە سیاسییەکان کۆدەبێتەوە، کوردمۆنیتەر لەزاری سەرچاوەیەکی باڵا زانیاریی ئەوەی دەستکەوتووە، سەردانەکە بۆ ڕێگریکردنە لە هەوڵێکی شیعەکان بۆ دروستکردنی وەزارەتێکی نوێ، کە دەبێتە بەربەست بۆ بەرکەوتەی پارتی لە حکومەتی نوێی عێراق.

بەگوێرەی گوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار بۆ کورد مۆنیتەر، چوارچێوەی هەماهەنگی لە هەوڵدان بۆ دروستکردنی وەزارەتێکی نوێ بەناوی (وەزارەتی دەوڵەت بۆ کاروباری دەرەوە)، سەرکردەکانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی لە کۆبوونەوەکانیاندا باسیان لەوەکردووە، ئەو وەزارەتە نوێیە دەبێتە هاوکاری وەزارەتی دەرەوە، هەروەها باڵیۆزی بەهێز لە وڵاتە گرنگەکان دادەمەزرێنرێت. بۆیە پارتی ئەو بیرۆکەیە ڕەتدەکاتەوە و دەیەوێت تەنها وەزارەتی دەرەوە بوونی هەبێت و بدرێتە پارتی.

حسێن شیحانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی سادقون لەمیانی لێدوانێکدا بە کوردمۆنیتەر-ی ڕاگەیاند، “چوارچێوەی هەماهەنگی دەستبەرداری وەزارەتی دارایی نابێت بۆ ئەوەی وەزارەتی دەرەوە وەربگرێت”.

لەنێو شیعەکاندا ململانێ لەسەر وەزارەتی دارایی عێراق دروستبووە، هاوپەیمانی بنیاتنانەوە بە سەرۆکایەتی محەمەد شیاع سودانی و سادقون بە سەرۆکایەتی قەیس خەزعەلی، لە کێبڕکێدان بۆ وەرگرتنی وەزارەتی دارایی.

Back to top button