
دوای ئەوەی حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی پێشووتری عێراق لە دەنگدانێکی سەرەتاییدا متمانەی زۆرینەی سەرکردەکانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەی بەدەستهێنا، نوری مالیکی و محەمەد شیاع سودانی لە ماوەی 24 کاتژمێردا زنجیرەیەک کۆبوونەوەی بەپەلەیان ئەنجامداوە، کە کۆبوونەوەکان فشارکردنی تێدابوو بۆ ڕازیکردنی هێزە شیعەکان تا هەڵوێستیان بگۆڕن و بژاردەی عەبادی لەسەر مێزی دانوستان لابەرن، ئەمەش بووە هۆی گۆڕینی عەبادی بە عەلی زەیدی وەک کاندیدی سازان.
48 کاتژمێر پێش دیاریکردنی عەلی زەیدی چی ڕوویدا؟
سەرچاوەیەک لە ناو چوارچێوەی هەماهەنگی بە پێگەی عالەم جەدید-ی گوتوە: شێوازی هەڵبژاردنی عەلی زەیدی کتوپڕ بوو، چونکە زۆربەی ئەندامانی چوارچێوەی هەماهەنگی تەنیا 24 کاتژمێر پێش هەڵبژاردنی زەیدی، دەنگیان بە حەیدەر عەبادی دابوو.
ئەو سەرچاوەیە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، دەڵێت: “دانیشتنەکەی چوارچێوەی هەماهەنگی کە ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو بەڕێوەچوو، بە سەرکەوتنی عەبادی کۆتایی هات، بەڵام نوری مالیکی دوای تەواوبوونی دەنگدانەکە داوای کرد بۆ ماوەی یەک ڕۆژ ڕاگەیاندنی ئەنجامەکان دوابخرێت، داواکەشی قبوڵکرا، عەبادی بەو هیوایە کۆبوونەوەکەی جێهێشت کە ڕۆژی دواتر بە ڕەسمی ڕادەسپێردرێت.
ئەوەی دواتر ڕوویدا بریتی بوو لە ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی لاوەکی کە مالیکی و محەمەد شیاع سودانی و فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری بەشداربوون، ڕێککەوتن لەسەر هێنانە پێشەوەی ناوی عەلی زەیدی لە جیاتی عەبادی کراوە.
مالیکی و سودانی لەو کاتژمێرانەی پێش کۆبوونەوەی ڕۆژی دووشەممە (ڕۆژی ڕاسپاردنی زەیدی)، دەستیان کرد بە پەیوەندیکردن بە ئەندامانی چوارچێوەی هەماهەنگی و توانییان قەناعەتیان پێ بکەن کە هەڵوێستیان بگۆڕن و ئیمزا بۆ کاندیدکردنی زەیدی بکەن، سەرەڕای ئەوەی وردەکاری ئەو پەیوەندییانە ڕوون نەبووەوە.
ڕۆژی دووشەممە نزار ئامێدی، سەرۆک کۆماری عێراق، لە ڕێوڕەسمێکدا لە کۆشکی سەلام لە بەغدا، عەلی فالح کازم زەیدی ڕاسپارد بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق وەک کاندیدی گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی.
عەبادی، حەموودی و وەلائی
سەرچاوەکەی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی دەڵێت: “عەبادی کاتێک ئامادەی کۆبوونەوەکەی ڕۆژی دووشەممە بوو، تووشی شۆک بوو کاتێک بینی کاغەزێک هەیە ئیمزای زۆربەی ئەندامانی چوارچێوەی لەسەرە بۆ پشتیوانی زەیدی جگە لە خۆی، ئەمەش وای لێکرد لە دانیشتنەکە بکشێتەوە و وتی “نابمە تەنیا کاندیدی ناڕازی” و دەستی ئەوانی واڵا کرد بۆ هەڵبژاردنی هەر کەسێک کە دەیانەوێت.
ئاماژە بەوەش دەکات کە “هەندێک لە سەرکردەکان، لەوانە هومام حەموودی و ئەبو ئالا وەلائی، لە سەرەتادا ناڕەزایەتییان دەربڕی، بەڵام دواتر بێدەنگ بوون، ئەمەش ڕێگەی خۆشکرد بۆ ڕاگەیاندنی ڕاسپاردنی زەیدی بە شێوەیەکی فەرمی”.
پەیوەندییەکانی زەیدی بە مالیکییەوە
کاندیدکردنی زەیدی ئەنجامی لێکتێگەیشتنی نێوان مالیکی و سودانی بوو، چونکە پەیوەندی پێشوەختە لە نێوان مالیکی و زەیدیدا هەبووە لە ڕێگەی چەند کەسایەتییەکەوە، لەوانە ئیبتیهال زەیدی کە پێشتر وەزیری مافی مرۆڤ بووە.
ناوی زەیدی لە سەردەمی حکومەتەکەی سودانیدا زیاتر دەرکەوت، جا لە ڕێگەی چالاکییەکانی لە کەرتی بانکیدا یان ئامادەیی لە هەندێک دۆسیەی ئابووریدا، ئەمەش چانسی ئەوەی زیاتر کرد کە وەک کاندیدێکی تەوافوقی لە ناو چوارچێوەی هەماهەنگیدا پێشنیاز بکرێت.
سەردانەکەی زەیدی بۆ لای عەبادی تا ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممەی ئەم هەفتەیە دواکەوت، نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراو ڕایگەیاند کە زەیدی چاوی بە حەیدەر عەبادی کەوتووە و باسیان لە پێشهاتەکانی وڵات و ڕێرەوەکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێ و پێویستی یەکخستنی هەوڵەکان کردووە.





