
ماڵپەڕی “ئەکسیۆس”ی ئەمریکی لە زاری چەند بەرپرسێکی ئەمریکی و ئیسرائیلییەوە بڵاوی کردەوە، کە ئەگەر چەقبەستوویی دیپلۆماسی بەردەوام بێت، ڕەنگە ترەمپ لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا فەرمانی دەستپێکردنەوەی شەڕ دەربکات.
ماڵپەڕەکە لە ڕاپۆرتێکیدا ئاماژەی بەوە کردووە، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ پێش دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنە نوێیەکەی گەرووی هورمز، کە ئامانج لێی ئاڕاستەکردنی کەشتییە بازرگانییەکانە لە ڕێڕەوە دەریاییەکەدا، پەیامێکی تایبەتی ئاڕاستەی ئێران کردووە.
ماڵپەڕەکە دەڵێت ئەو پەیامە تایبەتەی کە لە ڕێگەی بەرپرسێکی باڵاوە گەیەندراوە، ئاماژەیە بۆ ئەوەی کۆشکی سپی ویستوویەتی هەوڵی کەمکردنەوەی مەترسی پەرەسەندنەکان بدات، سەرەڕای ئەوەی ئێرانییەکان زنجیرەیەک هێرشیان کردووەتە سەر کەشتییەکانی هێزی دەریایی ئەمریکا و کەشتییە بازرگانییەکان لە ناوچەکەدا.
ئاگادارکردنەوەکە سەبارەت بە “پڕۆژەی ئازادی” بووە، هاوکات بوو لەگەڵ پۆستێکی سەرۆکی ئەمریکا ترەمپ سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنەکە لەسەر سەکۆی “تروس سۆشیاڵ” لە شەوی یەکشەممەدا.
پیت هیگسێت، وەزیری بەرگری ئەمریکا ڕایگەیاند، ویلایەتە یەکگرتووەکان “بە ئاشکرا و بە نهێنی لە پەیوەندیدایە لەگەڵ ئێرانییەکان بۆ ئەوەی ڕێگە بدەن ئەم ئۆپەراسیۆنە بەرگرییە بە نوێنەرایەتی جیهان جێبەجێ بکرێت”.
لە میانی ڕۆژی یەکەمی ئۆپەراسیۆنەکەدا، ئێران چەندین هێرشی کردە سەر کەشتییەکانی سەر بە هێزی دەریایی ئەمریکا لە گەرووی هورمز، جگە لە کەشتییە بازرگانییەکانی ناوچەکە.
هیگسێت جەختی لەوە کردەوە کە “ئاگربەست هێشتا بەردەوامە”، ئاماژەی بەوەش کرد کە واشنتۆن پێشبینی “هەندێک ئاڵۆزی” کردووە لە سەرەتای ئۆپەراسیۆنەکەدا، و وتیشی هەندێک لە جووڵەکانی سوپای پاسدارانی ئێران “هەندێک جار لەوە تێدەپەڕێت کە دانوستانکارانی ئێران دەیانەوێت”.
ژەنەڕاڵ دان کەین، سەرۆکی ئەرکانی هاوبەشی سوپای ئەمریکا ڕایگەیاند، ئەم هێرشانە “لە خوار ئاستی دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنی شەڕە گەورەکان بوون”، ئەمەش ئاماژەیەک بوو بۆ ئەوەی کە وەک پاساوێک بۆ گەڕانەوەی شەڕ هەژمار ناکرێن.
هەریەک لە هیگسێت و کەین جەختیان لەوە کردەوە کە سوپای ئەمریکا لە دۆخی ئامادەباشی تەواودایە بۆ دەستپێکردنەوەی خێرای ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان ئەگەر فەرمان لەلایەن سەرۆک ترەمپەوە دەربچێت.
ڕاپۆرتەکە ڕوونی کردووەتەوە کە جووڵەی کەشتییەکان لە گەرووی هورمزدا لە ماوەی 24 کاتژمێری یەکەمی ئۆپەراسیۆنەکەدا زیادبوونێکی بەرچاوی بەخۆوە نەبینیوە.
فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاند، ڕۆژی دووشەممە دوو کەشتی کە ئاڵای ئەمریکایان هەڵگرتبوو تێپەڕیون، لە بەرامبەردا ڕۆژی سێشەممە هیچ کەشتییەک تێنەپەڕیوە.
هیگسێت وتی “سەدان کەشتی دیکە ڕیزیان بەستووە”، بەڵام کۆمپانیاکانی گواستنەوەی دەریایی هێشتا بە گومانن بەرامبەر بە دڵنیاییەکانی واشنتۆن سەبارەت بە سەلامەتی ڕێڕەوە دەریاییەکە.





