
عەلی موتەهەری، پەرلەمانتاری پێشووی ئێران، ڕۆژی سێشەممە وردەکاریی نوێی سەبارەت بە ساتی کوژرانی عەلی لاریجانی ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند، کوشتنەکەی لە ناو “ماڵێکی پارێزراو”دا لە شاری “پەردیس”ی سەر بە پارێزگای تاران ڕوویداوە.
موتەهەری لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی “فارس”ی ئێرانی ڕوونی کردەوە کە بە ئامانجگرتنەکە لە قۆناغی دووەمی شەڕەکە بووە، کە تێیدا لاریجانی لە کاتی هێرشەکەدا بە تەنیا و لە دۆخی “پەرستش و عیبادەت”دا بووە.
هەروەها موتەهەری ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە کە باسیان لەوە دەکرد کوشتنەکەی لە ماڵی کچی کۆچکردوودا بووە، ئەو جەختی کردەوە کە ئەو شوێنە بارەگایەکی تایبەت بە کاروباری ئەمنی بووە.
سەبارەت بە شێوازی هێرشەکە و شوێنەوارەکانی، موتەهەری ڕایگەیاند کە هێزی تەقینەوەکە یان پرۆسەی کوشتنەکە بووەتە هۆی تێکچوونی تەرمەکە بە شێوەیەک کە تەرمەکەی بەهۆی بەهێزی هێرشەکەوە پارچەپارچە بووە، دۆخی تەرمەکەش بە ڕوونی ئاماژەی بەوە دەدا کە یان بە تەواوی بە پێوە بووە یان لە دۆخی دانیشتندا خەریکی عیبادەت بووە لە ساتەوەختی تەقینەوەکەدا”.
وەک ئەو بەرپرسە ئێرانیە دەڵێت، لە جەستەی لاریجانی تەنها دەستێکی ماوەتەوە، لە کاتێکدا ناسینەوەی شوێنەوارەکانی دەموچاو و سەری بە تەواوی مەحاڵ بووە”، ئەمەشی وەک وەسفێک بۆ توندیی ئەو هێرشەی کراوەتە سەر شوێنەکە ناوبرد.
ئەو پەرلەمانتارەی پێشووی ئێران ئاماژەی بەوە کرد کە کوڕەکەی، مورتەزا لاریجانی، لە کاتی هێرشەکەدا لە هەمان شوێن بووە، بەڵام لە مردن ڕزگاری بووە، چونکە لەو کاتەدا خەوتبوو و لە چەقی تەقینەوەکەوە دوور بووە، ئەمەش ڕێگری کردووە لەوەی جەستەی ڕاستەوخۆ بەر ئەو هێرشە بکەوێت بکەوێت.





