
بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، روونە واشنتن چی لە عێراق دەوێت، سەرکردەکانی عێراق و سەرۆکوەزیرانی راسپێردراویش دەزانن، بەدوای چییەوەین، ئەمریکا کرداری دەوێت نەک گوفتار.
بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رۆژی سێشەممە بە ڕۆژنامەنووسانی راگەیاند، ”پێموایە سەرکردەکانی عێراق، لەنێویاندا سەرۆک وەزیرانی راسپێردراو، تێدەگەن کە ئەمریکا بەدوای چییەوەیە. ئێمە کردارمان دەوێت نەک گوفتار”.
دەشڵێت: ئێستا هێڵێکی زۆر کاڵ لەنێوان حکومەتی عێراق و گرووپە میلیشکاندا هەیە، ئەو کردارەی ئەمریکاش لە عێراقی دەوێت بەوە دەستپێدەکات کە حکومەتی عێراق ”دەستبکات بە دەرکردنی ئەو میلیشیا تیرۆریستانە لە دامەزراوەکانی حکومەت، بودجە و مووچەی چەکدارەکانی گرووپە میلیشیکان ببڕێت”، ئەمە متمانە لای ئەمریکا دروست دەکەن و ئەوکاتە دەڵێن، بیرکردنەوەیەکی نوێ لە عێراق هەیە.
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشدا، ”هەندێک لایەن لەنێو حکومەتی عێراق بەردەوامن لە پۆشینی بەرگی سیاسی، دارایی و ئۆپەراسیۆنی بۆ ئەو گرووپە میلیشیا تیرۆریستییانە”.
هەروەها گوتیشی، لەگەڵ ئەوەشدا، ”من ئەوە بەکەم سەیرناکەم کە ئەو ئاستەنگە چەند قورسە، یان چی پێویست دەبێت بۆ لێکجیاکردنەوەی ئەو پەیوەندییە’، بەڵام دەکرێت بە هەنگاوێکی روون دەستپێبکەن، ئەویش درکردنی راگەیەندراوێکی سیاسییە کە بە روونی ئاماژە بەوەبدات ئەو گرووپە تیرۆریستییانە بەشێک نین لە حکومەتی عێراق.





