بەعسیزم لەبەرگێکی نوێدا؛ لەڕۆژئاوای کوردستان زمانی کوردی هەفتانە دوو کاتژمێر دەخوێندرێ

 

لیژنەی پەرەپێدانی پرۆگرامەکانی خوێندن لە سووریا ئاشکرایدەکات، بۆ ئەمساڵ و ڕەنگە ساڵی داهاتووش پڕۆگرامی بەرفراوانی زمانی کوردی، لە سوریا نەخوێندرێ.

مەننان جەعفەر، ئەندامی لیژنەی پەرەپێدانی پرۆگرامەکانی خوێندن لە سووریا دەڵێ، پرۆگرامێکی نوێی خوێندن ئامادە دەکەن کە تێیدا زمانی کوردی هەفتانە دوو کاتژمێر لە رۆژئاوای کوردستان و ناوچە کوردنشینەکانی دیکە دەخوێندرێ.

مەننان جەعفەر لە چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانیدا تیشکی خستە سەر دۆخی ئێستای خوێندنی کوردی لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا و گوتی، “ئێستا زمانی کوردی تەنیا وەک وانەیەک لە پرۆگرامەکەدا هەیە و لە هەفتەیەکدا دوو کاتژمێر” لە رۆژئاوای کوردستان و ناوچە کوردنشینەکانی دیکە دەخوێندرێ؛ ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ ساڵانی 2026 و 2027 دۆخەکە بەم شێوەیە دەمێنێتەوە، بەڵام ئامادەکاری بۆ گۆڕانکاریی زیاتر دەکرێ.

سەبارەت بە ئەگەری گۆڕینی زمانی خوێندن بۆ کوردی لە بابەتەکانی وەک بیرکاری و فیزیا، مەننان جەعفەر گوتی، “وەزارەتی پەروەردە دەیەوێ هەموو پرۆگرامەکان بکاتە کوردی تاوەکو لە ناوچە کوردنشینەکان و تەنانەت لە حەلەب و دیمەشقیش کوردی ببێتە زمانی پەروەردە،” بەڵام جەختی کردەوە کە جێبەجێکردنی ئەم هەنگاوە بەستراوەتەوە بە رێککەوتنی سیاسی و دانپێدانانی فەرمی بە پێگەی رۆژئاوای کوردستان، چ بە شێوەی فیدراڵی بێ، ئۆتۆنۆمی یان ناناوەندی.

مەننان جەعفەر باسی لەوە کرد کە سیستەمە نوێیەکەی خوێندن لە سووریا رەچاوی هەمەجۆریی کۆمەڵگەی سووریا دەکات و بۆ داڕشتنی پرۆگرامەکان، سوود لە ئەزموونی 10 ساڵەی رۆژئاوای کوردستان و هەروەها پرۆگرامە ئینگلیزییەکان دەبینن.

لە سووریا لە سەردەمی دەسەڵاتی بەعسدا، قەدەغەکردنی زمانی کوردی تەنیا بڕیارێکی کارگێڕی نەبوو، بەڵکو بەشێک بوو لە ستراتیژێکی گشتگیری “تەعریب” کە ئامانجی سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەیی کورد بوو.

بەعس سووریای وەک “کۆماری عەرەبیی سووریا” پێناسە کرد. بەپێی ئەم ئایدۆلۆژیایە، هەر زمانێک جگە لە زمانی عەرەبی وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر “یەکێتیی نەتەوەیی عەرەب” سەیر دەکرا. لە دەستوور و یاساکانی پەروەردەدا، هیچ دانپێدانانێک بە بوونی نەتەوەیەک بەناوی کورد یان زمانێکی جیاواز نەبوو.

Back to top button